کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێمە بۆ ناوی ئەو و ئاڵاکەمان خەبات دەکەین

13:54 - 4 خەزەڵوەر 2722

ئێمە بۆ ناوی ئەو و ئاڵاکەمان خەبات دەکەین: بۆچی کوردەکانی وەیڵز دەترسن پێناسەکەیان لە ناڕەزایەتییەکانی ئێرانیدا پاک بکرێتەوە[

نەیشن. کیمرۆ – لوک جەیمز

و لە ئینگلیزییەوە: کەماڵ حەسەن‌پوور

زۆرینەی جیهان ئەو وەک مەهسا ئەمینی دەناسێ. ئەوە ناوی فەرمی ژنە ٢٢ ساڵانەکەیە کە مردنەکەی بە دەستی گەشتی ئیرشاد بووە هۆی ناڕەزایەتی بێ وێنە بۆ مافەکانی ژنان.

بەڵام بۆ بنەماڵەکەی، هەڤاڵەکانی و کۆمەڵگاکەی ئەو ژینا بوو، کە بە کوردی بە مانای "ژیانە". شوناسی دووانەی ئەو لە ئێران، ئەو شوێنەی ناوی کوردی و کەمینەکانی دیکە بەردەوام لە لایەن دەسەڵاتدارانەوە ڕەت دەکرێنەوە و بنەماڵەکان ناچار دەکرێن ناوی دیکە هەڵبژێرن، زۆر جار ناوی فارسی بۆ کەڵکوەرگرتن لە بەڵگەنامە فەرمییەکاندا، شتێکی ئاساییە.

شوناسی ڕاستەقینەی ژینا لە باشترین حاڵەتدا پاشگوێ خراوە و لە خەراپترینیاندا، لە بەسەر هاتەکەیدا پاک کراوەتەوە، تا تێگەیشتنی ئێمە لەمەڕ هۆی کوژرانی تێک بدات، ئەوە بۆچوونی ژمارەیەکی زۆر لە کوردانە.

دوکتور فەرەنگیس قادری لە زانستگای ئێکزێتەر بەشی لێکۆڵینەوەی عەڕەب و ئیسلامی بە نەیشن.کیمرۆی گوت: "ئەوەی جێگای ناهومێدییە ئەوەیە کە ئەگەر، یان شیمانەی پەیوەندی کورد بوونی ناوبراو بە توندوتیژییە کوشندەکە هەر وا پاشگوێ بخرێ."

" لانی کەم ئێمە دەتوانین بڵێین ئەگەری ئەوە هەیە کە ئەو لەبەر ئەتنیکەکەیەوە تووشی ئەو بێ بەزەییە بوو. چونکە پێویستە لەبیرمان بێ کە ئێمە توندوتیژیی گەشتی ئیرشادمان دژی ژنان بیستووە، ڕاپۆرتی باسکی شکاو، لاقی شکاو لە هێندێک دۆخدا، بەڵام قەت تا ئەو ڕادەیە نەبووە کە ژینا ئەزموونی کرد."

دروشم

ژینا، خەڵکی سەقز لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو، کە بەشێک لە ئێرانە، و دەگەڵ برایەکەی خەریکی هاتنە دەر لە وێستگەی مێترۆ لە کاتی سەردانی تاران بوو، کاتێک لە لایەن گەشتی ئیرشاد لەبەر لەسەر کردنی "لێچکە" بە شیوەی نەشیاو، دەستبەسەر کرا. دوو کاتژمێر دواتر، ئەو بە بێ‌هۆشیی برایە نەخۆشخانەی دەوڵەتیی و لەوێ لە ڕۆژی ١٦ سێپتەمبەر گیانی سپارد.

ناڕەزایەتییەکان لە دەرەوەی نەخۆشخانە دەستیان پێکرد و ڕۆژی دواتر کاتێک سەدان کەس لە ناشتنی ژینادا لە شارەکەی، سەرەڕای هۆشداریی کاربەدەستان بۆ خۆ بواردن لەو کارە، بەشدار بوون گڕوتێنێکی نوێی گرتەوە. جووڵانەوەی ناڕەزایەتی زۆر خێرا بەسەرانسەری ئێراندا بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی"، ئاماژەیەک بە ناوە کوردییەکەی، بڵاو بۆوە.

بە گوێرەی ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران، لانی کەم ٢٠١ کەس، لە ناویاندا ٢٣ منداڵ، تا ئێستا لە سەرکوت کردنەکانی ناڕەزایەتییەکاندا لە سەرانسەری ئێران کوژراون، لەواندا دیتراوە ژنان و کچان وەک سەرپێچیکردن لەچکەکانیان لادەبەن و دەیانسووتێنن.

بە گوتەی دوکتور قادری، سەرۆکی پێشووی ناوەندی کوردستان بۆ لێکۆڵینەوەی زایەندی کە پێشدا لە ئێران ژیاوە، جووڵانەوەکە بۆتە هۆی یەکگرتوویی "بێ وێنە" لە نێوان کوردان و ئێرانییەکانی دیکەدا. ئەو گوتی، "ئەوەی ئێمە لە دەرەوەی ئێران دەیبینین، خەڵکی ئێران لە سەر شەقام لە پێناسەی کوردیی ناوبراو ئاگادارن و دانی پێدادەنێن. من پێموایە ئەوە بە هەڵکەوت نییە کە ئێرانییەکان بە شیوەیەکی بەربڵاو بڕیاریانداوە دروشمی 'ژن، ژیان، ئازادی' وەخۆ بگرن کە دروشمێکی کوردییە و یەکەم جار لە شاری ناوبراو و شارە کوردییەکانی دیکە بەرز کراوەتەوە."

"بەڵام ئەوەی پێموایە هیوابڕ و زیانبەخشە ئەوەیە کە من شرۆڤەکاران، پسپۆڕان و ئادێمیسییەنی ئەوتۆ دەبینم کە ئەو توخمە ئەتنیکییە ڕەت دەکەنەوە یان بە کەمی دەگرن، ئەو سەرکوتە ئەتنیکییە بەکەم دەگرن. لەسەر ئەو بڕوایەم کە ئەوە بۆ ئەو هاوپشتییەی خەڵک لە سەر شەقام دروستیان کردووە، زیانبەخشە."

تووڕە

ئەوە یارمەتیدەری شوناسی ژینا بووە و، ئەگەری کاریگەریی لە سەر ڕەفتاری گەشتی ئیرشادی ئێران، تا ڕادەیەکی زۆر لە ئاستی ناونەتەوەییدا، لە ناویاندا لە وەیڵز، پاشگوێ خراوە.

چالاکان و ئەندامانی پارلمان ئەم حەوتوویە لە خۆپیشاندانی هاوپشتی لە دەروەی پارلمان لە کاردیف بەشدار بوون و ئەندامانی پارلمان وەک پشتیوانیی لە ناڕەزایەتییەکان لە پارلماندا قسەیان کرد و لێدوانێکیان بڵاو کردەوە کە نزیکەی نیوەی ئەندامان واژۆیان کرد. بەڵام، هیچ باسێک لە کورد بوونی ژینا لە لایەن ئەندامانی پارلمان، کە بە مەهسا ناویان برد، نەکرا.

نوێنەرانی کۆمەڵەی کوردانی وەیڵز (کاوا) گوتیان ئەوان تەنانەت پێیان گوترابوو ئاڵای کوردان دەگەڵ خۆیان نەبەن بۆ پارلمان. تەنیا ئاڵای دیار لە وێنەکاندا، ئاڵای ئێرانی پێش شۆڕشی ئیسلامی حەفتاکانی زایینی بوون.

نوێنەرێکی کاوا بە نەیشن.کیمرۆی گوت، " خەڵکی فارس زمان کە لایەنگری ڕێژیمی پێشوون بە کوردەکانیان گوتووە نابێ ئاڵای کوردی بێنن. لە بنەڕەتدا، ئەوان ناڕەزایەتییەکان بە قازانجی خۆیان بە بارمتە دەگرن." لە مانگی ڕابردوودا کوردەکانی وەیڵز دوو خۆپیشاندانیان لە کاریف بەڕێوە بردووە.

لەیلا حەسەنزارە، کە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە بەڵام ٢٠١٤ بەولاوە لە کاردیف دەژی، یەکێک لەو کەسانە بوو کە بەشدار بوو بۆ نەیشن.کیمرۆ باسی چۆنیەتی سەپاندنی زۆرە ملیی حیجاب تەنانەت پێش دروست کردنی گەشتی ئیرشاد لە ٢٠٠٥ی کرد.  ئەو گوتی، "لە قوتابخانە، لە دەرێ، هەموو کاتێک، ئێمە حیجابمان دەپۆشی. ئێمە لە پۆلیس دەترساین. تەنانەت ئەو کاتەی گەشتی ئیرشادیش نەبوو، ئێمە هێشتا ناچار بووین وریا بین. بە تایبەتی لە قوتابخانە، ئەوان زۆر سەختگیر بوون."

لەیلا گوتی خەبات بۆ دانپێدانانی شوناسی ڕاستەقینەی ژینا هاوکات دەگەڵ خەبات بۆ مافەکانی ژنان و چاکسازیی دێموکڕاتیک "بەژانە".

ئە وگوتی: " ئێمە تووڕەین چونکە لێرە دەیانهەوێ دەممان ببەستین و هیچ شتێک لەبارەی کوردستاندا نەڵێین. تەنانەت نەڵێین ژینا. ئەوە زۆر بەژانە. خەباتی ئێمە دژوارترە چونکە ئێمە دەبێ بۆ ناوی ئەو و بۆ ئاڵاکەمان بجەنگێین. لەبەر ئەو هۆیەیە من تووڕەم و هەموو شەوێ ناتوانم بخەوم، تەنیا دەگریم."

داماڵین لە مرۆڤ بوون

نزیکەی ٣٥-٢٥ ملیۆن کورد هەن کە زۆربەیان بە سەر چوار دەوڵەتی: تورکیە، ئێران، عێراق و سووریەدا دابەش بوون. لە ئێران، کوردەکان نزیکە ٪١٠ لە حەشیمەتن. بێجگە لە جیاوازیی ئەتنیکی و نەتەوەیی، سروشتی زۆرتر سێکولاری کومەڵگای کوردەواری ئەوان هێندەی دیکەش دەگەڵ دەوڵەتی ئایین تەوەری ئێران نەیار دەکات.

بە گوێرەی ڕێکخراوی لێبوردنی ناونەتەوەیی، کەمینە ئەتنیکییەکان، لە ناویاندا کورد، زۆرتر وێدەچی حوکمی ئیعدامیان لەبەر تاوانی ئایینی وەک "دوژمنایەتی خودا" بەسەردا بسەپێنرێ. ئەو ڕێکخراوەی مافەکانی مرۆڤ هەروەها دەڵێ هەڵاواردنی ئەتنیکی "بەربەستە بۆ دەستڕاگەیشتن بە خوێندن، دامەزراندن و پلەوپایەی سیاسی."

بە گوتەی دوکتور قادری، بێ دابڕان لە خەباتی مافی ژنان کە هەر ئێستا لە سەرانسەری ئێران لە ئارا دایە، پێداگریی لە دانپێدانانی شیاو بە شوناسی ژینا بەشێکی گەلێک گرینگە بۆ ئەوان.

ئەو گوتی، "ئەوە گرینگە کە هەڵاواردنی مێژوویی، سیستەماتیک و بەدامەزراوەییکراو دژی کوردان، داماڵین لە مرۆڤ بوونی کوردان، دانی پێدا بنرێت. ئەوە یەکەم هەنگاوە بۆ دروست کردنی وڵاتێکی دێموکراتیک."