کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەندامێکی دێرینی حیزبی دێموکرات لە شاری ڕەبەت کۆچی دوایی کرد

16:30 - 4 خەزەڵوەر 2722

ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٣ی خەزەڵوەری ١٤٠١ی هەتاوی، "مام هەمزە ئیبراهیمیان" ئەندامی لەمێژینەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران خەڵکی گوندی "مێونە" و دانیشتووی شاری ڕەبەت بەهۆی نەخۆشی کۆچی دوایی کرد.

مام "هەمزە" کوڕی خوالێخۆشبوو حاجی ''خدری مێونە'' بوو. ناوبراو لە ساڵەکانی ٤٦ و ٤٧ی هەتاوی لەگەڵ مام حەسەنی برای پەیوەندی بە تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتەوە دەکەن و بە فەرمی داوای ئەندامیەتی دەکەن و پەیوەندییان بە شەهیدی هەمیشەزیندوو "مینەشەمـ"ـەوە دەبێت.

دوای شکستی جووڵانەوەی چەکدارانەی ساڵەکانی ٤٦ و ٤٧، ناوبراو درێژە بە کاری تەشکیلاتی لەگەڵ حیزب دەدا و لە دوای شۆڕشی گەلانی ئێران بە ئاشکرا یارمەتی شۆڕش دەدا.

ناوبراو وەکوو ئەندامێکی چالاک ئەرکی حیزبی خۆی بەجێ دەگەیەنێت و هەمیشە ماڵی ئەوان شوێنی حەوانەوەی کادر و پێشمەرگەکان بووە.

ناوبراو وێڕای بەڕێوەبردنی کاروباری تەشکیلاتی، یەکێک لە چەکدارانی هێزی بەرگری میللی بووە و یارمەتی هێزی پێشمەرگەی داوە.

ئەو کەسانەی کە لەگەڵ مام هەمزە هاوکار بوونە شایەدی ئەوە دەدەن کە ناوبراو چەندە ئەندامێکی چالاک و کارا بووە و لەسەر ڕێبازی حیزبی دێموکرات و گەلی کورد فیداکاریی زۆری کردووە.

تەرمی ناوبراو لەنێو ئاپۆيای خەڵکی ناوچەکەدا بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە خزم و کەسوکاری ناوبراو و بنەماڵەی ئیبراهیمیان و خەڵکی ناوچەی ڕەبەت دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.