کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ خۆپیشاندان لە زۆربەی شارەکانی کوردستان دەستی پێ کردووە

17:00 - 4 خەزەڵوەر 2722

ئەمڕۆ چوارشەممە ڕێکەوتی ٤ی خەزەڵوەری ١٤٠١ی هەتاوی، هاوکات لەگەڵ چلەی "ژینا ئەمینی" ناڕەزایەتی خەڵک لە شارەکانی کوردستان و ئێران بە داخستنی دووکان و بازاڕەکان دەستی پێ کرد.

دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ لە شارەکانی مەهاباد، بۆکان، سنە، سەقز و چەندین شوێنی دیکە خۆپیشاندان دەستی پێ کردووە.

لە مەهاباد لە زۆربەی گەڕەکەکانی شار سەرەڕای جگیربوونی هێزی زۆری نیزامی لە ڕۆژێک پێشتروە و هەڕەشە لە خەڵک، خۆپیشاندان دەستی پێ کردووە و دۆخی شار ئاڵۆزە.

لە بۆکان، خەڵکی شۆڕشگێڕی شار هاتوونەتە سەر شەقامەکان و دروشمی دژی ڕێژیمیان وتووەتەوە کە شەڕ و تێکهەڵچوون لە نێوان خەڵک و هێزەکانی ڕێژیم ڕووی داوە و هێزەکانی ڕێژیم بۆ ڕووبەڕووبوونەوی خەڵک لە گازی فرمێسکڕێژ کەڵکیان وەرگرتووە و دەنگی تەقە بیستراوە.

لە سەقز لە زێدی "ژینا ئەمینی" دوای ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان لە گۆڕستانی ئایچی، لەنێو شاری سەقزیش خۆپیشاندان دەستی پێ کردووە و خەڵک ڕق و تووڕەیی خۆیان بە دانی دەیان دروشم دژی ڕێژیمی ئێران دەربڕیوە.

لە زۆربەی شارەکان وەکوو شاری سنە و چەندین شاری دیکە هێزەکانی ڕێژیم بۆ چاوترسێنکردنی خەڵک خەریکی گێڕانی مانۆڕن و هەروەها هەڕەشە لە زۆربەی دووکاندارانی شار کراوە کە نابێ دووکانەکانیان دابخەن.