(ڕاگەیەندراوی ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران بەبۆنەی بەڕێوەچوونی ناڕەزاییەكانی چلەی ژیناوە)
خەڵكی خەباتكار و ئازادیخوازی كوردستان!
مافخوازانی سەرتاسەری ئێران!
مامۆستایان، قوتابیان، كرێكاران و سەرجەم بازاڕییانی كوردستان و ئێران!
ڕەوەندی كوردی و سەرجەم هاونیشتمانانی دەرەوەی وڵات!
ئەمڕۆ ٤ی خەزەڵوەر، چل ڕۆژ بە سەر شەهیدكردنی ژینا ئەمینی و چل ڕۆژ خۆپیشاندان و ناڕەزایی لە دەسپێكی بزوتنەوەی نوێی ژینا تێپەڕ بوو. ئەمڕۆ لە شاری سەقز لە شوێنی لەدایكبوونی ژینا خەڵكی ئەو شارە و بە هەزاران كەسی دیکە لە خەڵكی شارەكانی دیكەی كوردستان و ئێران كە بە بۆنەی چلەی ژیناوە سەردانی ئەو شارەیان كردبوو؛ حەماسەیەكی دیكەیان خوڵقاند.
ئەمڕۆ چلەی مەرگی ژینا بوو بە خاڵی وەرچەرخان لە بزوتنەوەی حەقخوازانەی خەڵكی كوردستان و لە مێژووی بزوتنەوەكەدا بە درەوشاوەیی دەمێنێتەوە. هاوكات لە هەموو شارەكانی كوردستان و زۆربەی شارەكانی ئێران بە بۆنەی چلەمین ڕۆژی شەهیدبوونی ژینا ئەمینی مانگرتن و خۆپیشاندان و ناڕەزایی بەڕێوە چوو، و خەڵك بە بەرزکردنەوەی دروشمی ژن، ژیان، ئازادی و دروشمی ڕووخانی ڕێژیم هاوپشتی سەرتاسەری خۆیان نیشان دایەوە و هەروەها ژنانی ئازادیخواز لە هەموو شارەكاندا پێشڕە و سەرقافڵەی ئەو ناڕەزاییانە بوون.
خەڵكی خۆڕاگری كوردستان بە ئاخێزی بوێرانە و دەنگی بەرزی مافخوازانە و كۆڵنەدانیان سەلماندیان كە كوردستان قەڵای پۆڵایین و لەبننەهاتووی ئازادیخوازانە و مەكۆی ئازادی مرۆڤەكانە لەشۆڕشدا و تا وەدیهاتنی سەرجەم داخوازییە ڕەواكانی هەرگیز ناسرەوێت. بەم بۆنەیەوە ئێمەش لە ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران، سەرەتا سڵاو دەنێرین بۆ گیانی ئازیز و خۆشەویستی سەرجەم شەهیدانی شۆڕشی ئەمجارەمان و وێڕای سەرەخۆشی لە سەرجەم خەڵكی كوردستان و بنەماڵە و كەسوكاریان و شانازیکردن بە یەكڕیزیی و یەكدەنگیی بێوێنەتان، لە قوڵایی دڵەوە سپاس و پێزانینی خۆمانتان پێشكەش دەكەین و بەڵێنیمان پاڵپشتیی و هاوخەباتیتانە تا دواقۆناغی سەركەوتن.
ئەمڕۆ پاش تێپەڕبوونی چل ڕۆژ تێكۆشان و ئەزمون و دەستكەوتی گەورە و بەنرخی سەرهەڵدانەكە، دیسانەوە قۆناغێكی نوێ دەكەوێتە سەر ڕێگامان كە پێویستیی بە چالاكیی و هەنگاوگەلی نوێ و شێوازی جیاوازتری بەردەوامبوونە. خەڵكی كوردستان بەدرێژایی خەباتی دەیان ساڵە بەگشتیی و ئاخێزەكانی ئەم چل ڕۆژەی بەتایبەتیی، گەیشتووەتە ئاستێك خۆی ڕابەریی بزوتنەوەكەی بكات و بە ڕێكاری جیاجیا و داهێنەرانە بەرانبەر بە سەركوت و كوشتاری ڕژیم هەڵوێست وەربگرێت.
لەكۆتاییدا جارێكی دیكە سپاس و پێزانینی خۆمان ئاراستەی سەرجەم خەڵكی كوردستان و هەموو ئازادیخوازانی ئێران دەكەین، دەستیان دەگوشین.
بژی خۆڕاگری و یەكگرتوویی و هاوپشتیمان!
بڕووخێ ڕێژیمی كۆماری ئیسلامی
ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران
٤ی خەزەڵوەری ١٤٠١ی هەتاوی