سەر لە ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە ٤ی خەزەڵوەر، خۆپیشاندانی خەڵکی ناڕازی لە زۆربەی گەڕەکەکانی شاری مەهاباد و یەک لەوان بەری "شیلانـ"ـی مەهاباد دەستی پێ کرد و خەڵک ئاگریان کردەوە و بە دژی ڕێژیم دروشمیان دا.
بە دوای بەرینبوونەوەی خۆپیشاندان و کۆبوونەوی خەڵک، هێزەکانی ڕێژیم بەرەوڕووی خەڵک بوونەوە و شەڕ و تێکهەڵچوون ڕووی دا.
هروژمی خەڵک هێزەکانی ڕێژیمی بەرەو کەلانتەری ١٣ی گەڕەکی باغی شایەگان پاشەکشە پێ کرد و شەڕ و تێکهەڵچوون بەردەوام بوو.
بەداخەوە بەهۆی تەقەی هێزەکانی ڕێژیم "ئیسماعیل مەولوودی'' ناسراو بە "سمکۆ" شەهید و دوو هاووڵاتیی دیکە بریندار بوون و چەندین کەسیش دەسبەسەر کراون.
تەرمی شەهید "سمکۆ" لە مزگەوتی ناوچەی "گومرگـ"ـی مەهاباد بە دروشمی شۆڕشگێڕانە پێشوازی لێ کرا و داوا لە خەڵک کرا لە ڕێوڕەسمی ناشتنی ئەو شەهیددا بەشداری بکەن.
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە ٥ی خەزەڵوەر، تەرمی شەهید "سمکۆ" لەسەر دەستی لاوانی شار بەرەو گۆڕستانی شار بەڕێ کرا.
هەزاران کەس لە ڕێوڕەسمی بەخاک سپاردنی شەهید سمکۆدا بەشدارییان کرد و دەیان دروشم دژی ڕێژیمی فاشیستی ئێران و جاشەکان وترانەوە و خەڵک لەسەر گۆڕی شەهید سروودی "ئەی ڕەقیب"یان وتەوە و دەنگی ئازادیخوازی خۆیان بە گوێی هەموو لایەک گەیاند و ڕق و تووڕەیی خۆیان نیشان دا.