کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا: هەواڵی ئازادکردنی بەشێک لە پارەی بلۆکەکراوی ئێران ڕاست نییە

12:03 - 11 رەزبەر 2722

ئیدارەی بایدن دەڵێ هیچ پارەیەکی بلۆککراوی ئێران ئازاد ناکات.

 دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی گەڕاندنەوەی بڕە پارەیەکی بلۆکەکراوی ئێران لە بەرانبەر ئازادکردنی باقر نەمازی دا، ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا ڕایگەیاند ئەو هەواڵە دوورە لە ڕاستی.

میدیاکانی کۆماری ئیسلامی بڵاویان کردبوو کە بۆ ئازادکردنی باقر نەمازی و کوڕەکەی لە زیندان، ئەمریکا بڕی 7 میلیارد دۆلار لە پارە سڕکراوەکانی ئێران لە یەکێك لە بانکەکانی کۆرەی باشوور ڕزگار دەکا. ئەم هەواڵە خەڵکی ڕاپەڕیوی ئێرانی بە تەواوی تووڕە کردووە، بەڵام ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا حاشا لەوە دەکات.

سیاسەتی بارمتەگیری و باج‌ئەستێنیی کۆماری ئیسلامی بەدرێژایی تەمەنی کۆماری ئیسلامی بەشی سەرەکیی سیاسەتی دەرەکیی ئەو ڕێژیمە بووە و لەو رێگەیەوە توانیویەتی زۆر بەرژەوەندیی خۆی لە هاوکێشەکاندا بچەسپێنیت.