ئەمڕۆ پێنجشەممە ٥ی خەزەڵوەری ١٤٠١ی هەتاوی، بە دوای ناشتنی تەرمی "ئیسماعیل مەولوودی" ناسراو بە ''سمکۆ''، خەڵکی داخ لە دڵی شار هێرشیان کردە سەر چەندین بنکە و دامەزراوەی ڕێژیم لەنێو شاری مەهاباد و ئاگریان لە زۆربەی بنکەکان بەردا.
لە جەریانی خۆپیشاندانی هەزاران کەسی خەڵکی شاردا، هێزەکانی ڕێژیم ترسنۆکانە بەرەوڕووی خەڵک بوونەوە و لە شەڕ و تێکهەڵچوونی خەڵک و هێزەکانی ڕێژیمدا، ٤ هاووڵاتیی کورد شەهید بوون.
تا ئێستا ''شاهۆ خزری، زانیار ئەبووبەکری، خاتوو کوبڕا شێخە'' و کەسێکی دیکە شەهید بوونە.
دایە ''کوبڕا شێخە، شاهۆ خزری و زانیار ئەبووبەکری'' لە ڕووبەڕووبوونەوە ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕێژیم و خەڵک و بە تەقەی هێزەکانی ڕێژیم شەڵاڵی خوێن بوون و شەهید بوون.
سەرەڕای دانی شەهید و برینداری زۆر، ورە و ئیرادەی شۆڕشگێڕانەی خەڵک بەرزە و خەڵک تا وەدەستهێنانی ئازادی ڕاناوەستن.