ماردین بۆکانی*
بێگومان ڕاپەڕینی ساڵی ١٤٠١ی گەلانی ئێران، بە گەورەترین و بەربڵاوترین و درێژماوەترین ڕاپەڕین بە دژی حکومەتی دیکتاتۆری کۆماری ئیسلامی بە هەژمار دێت. هەموو ڕاپەڕینێک لە چەند توێژ و چینێکی کۆمەڵایەتی پێکدێت و ئەم چین وتوێژانە وەک هێزی بزوێنەری ڕاپەڕین کار دەکەن. لە هەمان کاتدا بە گوێرەی ئاستی بەشداریی ئەم چین و توێژانە، گرینگایەتی و بەربڵاوی ڕاپەڕینەکان جیاواز دەبێتەوە.
لە ڕاپەڕینی ئەمجارەشدا، توێژ و گرووپی جۆربەجۆری کۆمەڵایەتی بەشدارن و ناسین و پۆلێنکردنی ئەم توێژ وگرووپانە بۆ تێگەیشتن لە چییەتی سەرهەڵدانەکە زۆر بەقازانج دەبێت. لە ڕوانگەی نووسەری ئەم بابەتەوە، ئەو گرووپانەی لە ڕاپەڕینی ئەمجارەدا بەشدارییەکی بەرفراوانیان هەیە بریتین لە:
ژنان
هەر وەک هەموو لایەک ئاگادارن، چەخماخەی ڕاپەڕینی ئەمجارە بە کووژرانی ژینا ئەمینی لەلایەن هێزەکانی ناسراو بە گەشتی ئیرشاد، دەستیپێکرد. بە پێی ئەوەیکە ناڕەزایەتی بە هەبوون و کار و کردەوەکانی گەشتی ئیرشاد لە ناو ئێراندا، دەمێک سال بوو ناخی گەلانی ئازادیخوازی ئێرانی ئازار دەدا، ئەم کردەوەیەی گەشتی ئیرشاد( بخوێنەوە کوشتار)، زۆر بە خێرایی ڕووبەڕووی کاردانەوە جۆراوجۆر و بەربڵاوی کۆمەڵایەتی بوویەوە.
کۆڵەکەکانی ئەم ڕژیمە دیکتاتۆرە لەسەر بنەمای ئیدیۆلۆژییەکی کۆنەپەرەستانە و دژە گەلیی بەناوی ویلایەتی فەقیە بونیاد نراوە.
لە ئیدیۆلۆژی پڕ لە کۆنەپەرەستی و خوڕافاتی ویلایەتی فەقیەدا، ژنان بە ڕەگەزی دووهەم بە ئەژمار دێن و لە زۆربەی ماف و دەرفەتەکانی ژیان بێبەشن. دەگەڵ ئەوەشدا بەهۆی بەشداری بەرچاوی ژنان لە بەستێنە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکاندا، کە هۆیەکەی دەگەڕێتەوە بۆ گەشەی ئاستی خوێندەواری و هزری کۆمەڵایەتی مۆدێرن لە ئێراندا، ڕوانگەی ئیدیۆلۆژیکی کۆماری ئیسلامی بەرامبەر بە ژنان ڕووبەڕووی چەندین جۆری ململانێ و بەگژداهاتنەوەی ژنان و تەنانەت پیاوانیش بووەتەوە.
دیاریکردنی گەشتی ئیرشاد بۆ دەستبەسەرکردن و ئازاردانی ژنان، کۆمەڵێک دیمەنی بێزارکەری لەناو کۆمەڵگەدا درووست کردبوو و ویژدانی بەکۆمەڵی خەڵکی بریندار و ئازار دابوو. بە بنەماگرتنی ئەم خاڵە، ڕەنگە بتوانین بڵێین گرینگترین هێزی بزوێنەری ئەم ڕاپەڕینە، ئەو ژنانە بوون کە بە پەرەگرتنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و چوونە سەری ئاستی خوێندن و وەرگرتنی بایەخە یەکسانیخوازەکان، بە "خۆئاگایی" گەیشتبوون و چیتر ئامادە نەبوون ستەمی سیستماتیک و بەردەوامی ئەو ڕژیمە قەبووڵ بکەن.
لاوان و تازەلاوان
یەکێکیتر لە هێزە بزوێنەرەکانی ئەم ڕاپەڕینە گشتگیرە کە هاوشێوەی نمونەی پێشوو واتە ژنان، هەموو سنورە نەتەوەیی و مەزهەبییەکانی بڕی، لاوان و تازەلاوانن.
ئە توێژە کۆمەڵایەتیە زۆر بە خەستی لەژێر کاریگەری بایەخە دێموکراتیکەکانی جیهانی مۆدێرندان. جیهانی کۆمەڵایەتی ئەم توێژە مەودایەکی بێسنووری دەگەڵ ئیدیۆلۆژی دەسەڵات هەیە و شێوازێکی ژیانی تەواو جیاوازیان لەو شێوازە ژیانە هەیە کە نۆڕمە خوازراوەکانی دەسەڵات پێکیدێنن. لەلایەکیتر بەهۆی گەندەڵی سیستماتیکی ئابووری و سیاسی دەسەڵات، نەبوونی دەرفەتی وەک یەک بۆ هەموو تاکەکانی کۆمەڵگە ولاوازی گەشەی ئابوری، ئەم توێژە کۆمەڵایەتیە زۆر بە خەستی بێهیوا و دابڕاو بووە و بەشێوەی باو هیچ ڕێگەیەکیان جگە لە کۆچکردن، گیرۆدەبوون بە مادە هۆشبەرەکان و توانەوە لە گەندەڵیدا بۆ نەماوەتەوە.
ئەم هۆکارانە دەگەڵ زۆر هۆکاریتری وەک سیستەمی پەروەردەی تۆقێنەر و پڕ زەبروزەنگ، ناوەرۆکی فێرکارانەی ناکارامە و بێکەڵک، ستەمی سیستماتیکی سیستەم بۆ توێژە لاوترەکان کە مەودایەکی زۆرتریان دەگەڵ بایەخەکانی دەسەڵات هەیە و ڕووحی ئازادیخوازی لەناویاندا زیندووترە، بوو بەهۆی ئەوەی، ئەو توێژە کۆمەڵایەتیە لە خەبات دژ بەو دەسەلاتە دیکتاتۆرەدا، یەکگرتوویی و تووندووتۆڵی و توانایەکی زۆرتر لەخۆی نیشان بدات.
دەوری یەکلاکەرەوەی کوردستان
کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەک کەمینەیەکی ستەملێکراو لە چەندین دەیەی ڕابردوودا، دەورێکی گەورەی لە درێژەکێشان و تەنانەت پێکهاتنی ئەم ڕاپەڕینانەدا هەبووە. کوردبوونی ژینا وێڕای پێشینەی خەباتی درێژماوە و پڕ لە فێداکاری کورد و هەبوونی ڕێکخراوەی چالاک و ڕیشەدار لە کوردستان، ڕۆژهەڵاتی کوردستانی کردووە بە قەڵایەکی پتەوی خەبات دژ بە دیکتاتۆری و ئاڵاهەڵگری دێموکراسی و هەروەها پێشەنگ بوون و چاونەترسی کورد، شوێندانەری یەکجار گەورەی لە سەر هەبوونی خەباتێکی تووندووتۆڵ بە دژی ئەم ڕژیمە سەرەڕۆیە هەبووە.
هەڵبەت جگە لە کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، نەتەوە و کەمینەی مەزهەبیتریش دەوری گرینگیان لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم ڕژیمەدا گیراوە،دەگەڵ ئەوەشدا هیچیان کێشی سیاسی کوردیان بۆ ڕێگەخۆشکردن و بەردەوامیدان بە خەبات لە دژی ڕژیم نەبووە.
پشتیوانیی جیهانی
پشتیوانیی جیهانی بەتایبەت ئێرانیی و کوردانیی ڕۆژهەڵات لە دەرەوەی وڵات، دەورێکی گرینگیان لە روحیەپێدان و درووستکردنی متمانەبەخۆیی بۆ درێژەدان بە خەبات دژی ڕژیمی سەرکوتکاری کۆماری ئیسلامی هەبووە. ئەوان ئەو کەسانەن کە بەهۆی گوشاری کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابوری و فەرهەنگی ناچار بوون وڵاتی خۆیان بەجێبێڵن و ڕوو لە غەریبی بکەن. ئەو کەسانەی لە هەر لایەکەوە لێیان دەڕوانی داخداری دەستی ستەمی کۆماری ئیسلامین.
دەستەبژێر و سلێبریتییەکان
دەستەبژێر، سلێبرێتی و هەندێک گرووپی کۆمەڵایەتی وەک فەرهەنگییەکان، بە نۆرەی خۆیان دەورێکی گرینگیان لە برەودان بە متمانەبەخۆیی و بەخشینی روحیەی خەبات بە خەڵک هەبووە. ئەم کەسانە هەر لە بژاردە زانستییەکانەوە هەتا بژاردەی فەرهەنگی و وەرزشی، بەشێوەیەکی بەرچاو یارمەتیدەربوون بۆ درێژەکێشانی خەبات و پێدانی ئەو هەستە بە خەڵک کە ئەوانن خاوەن مافن. ئەم کەسانە لەو ڕێگەیەدا تێچووی قورسیان داوە و زۆربەیان لە گرتووخانەدان. هەرچەند گرووپ وتوێژی دیکەش لەو ڕاپەڕینەدا بەشدار بوون و کاریگەریان هەبووە بەڵام بە بڕوای نووسەر، کێشی هیچ کامیان بارتەقای کێش و کاریگەری ئەم گرووپ وتوێژە کۆمەڵایەتیانە نییە کە لەسەرەوە ئاماژەیان پێکرا. دەگەڵ ئەوەشدا پێویستە ئاماژەیەک بە گرووپ و توێژە پشتیوانەکانی دەسەڵات بکەین:
لایەنگرانی ئیدیۆلۆژیکی ڕێژیم
لاینەگرانی ئیدیۆلۆژیکی ڕژیم، بۆ نمونە هێزە چەکدارەکانی کە بریتین لە هێزەکانی سوپا، بەسیج، هێزە مەزهەبی و نەریتییەکان. ئەم هێزانە ئەگەرچی لە ڕەوتی ڕاپەڕینی ئەمجارەدا و بەهۆی قەبارەی پاساوهەڵنەگری سەرکوتەکانی دەسەڵات، تووشی هەڵوەرینێکی زۆری هێز بوونەوە و بەشێوەی گشتیش کەمینەیەکی زۆر کەمی کۆمەڵگا پێکدێنن، بەڵام تاسەرئێسقان پۆشتە بە چەک و لەلایەن ڕژیمەوە پشتگیری دەکرێن. ئەم کەمینەیە هەر تاوانکارییەک دەرحەق بە خەڵک بکات، لەلایەن دەسەڵاتدارانی ڕژیمەوە کارەکەیان پەردەپۆش دەکرێت.
زۆرینەی بێلایەن
خاڵی هەرە لاوازی کۆمەڵگەی ئێران، هەبوونی ئەو زۆرینە کۆنسێرڤات و بێ هەڵوێستەیە. ئەمانە ئەگەرچی لە ئاستی قسەدا دژایەتی خۆیان دەگەڵ ڕژیم نیشان دەدەن، بەڵام ئامادەی وەخۆگرتنی هیچ تیچوو و ڕیسک کردنێک کردن نین.
زۆرینەی ئەوانە تووشی "داماوی فێرکراون" و باوەڕیان بە دەرفەتی درووستکردنی گۆڕانکاریی لە دۆخی ئاراییدا نییە. ئەم کەسانە دەورێکی گرینگیان هەیە لە دڵساردکردنەوەی خەباتکاران و بە بەردەوامی تۆوی بێهیوایی دەچێنن. زۆربەی ئەم کەسانە، بەرژەوەندی ماددی خۆیان لە درێژەکێشانی دۆخی ئاراییدا دەبینن و ئامادە نین هیچ ڕیسکێک بکەن.
گرووپە بریکارە ملیشیاییەکان
گرووپە بریکارە ملیشیاییەکان، کە لە لایەن دەسەڵاتی ئێران بەهەموو شێوە پشتیوانی دەکرێن و هەروەها وڵاتە کۆنەپارێزەکانی جیهان بەشێکن لەو هێزانەی پارێزەری ڕژیمی کۆماری ئیسلامین.
دەشێ زۆربەی خەڵکی ئێران بە بیستنی هەڵوێستی دەوڵەتی ئەمەریکا لەمەڕ نەبوونی ئەمەلیان بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی ئێران، بە خەستی بێهیوا و تووڕە ببن، بەڵام ، بەداخەوە ئەمە ڕاستیەکە.
لە ڕاستیدا تێکچوونی تەکووزی ئیستای سیاسەتی ناوچەیی، شتێک نییە بەدڵی زۆربەی سیستەمە سیاسیەکان بێت و ئەم وڵاتانە ئامادە نین ئیرادەی گەلانی ئێران بۆ درووستکردنی گۆڕانکاری بنەڕەتی بەفەڕمی بناسن و جگە لە سەپاندنی چەند گەمارۆیەک، کە ئەوانیش زیاتر هێمایی و سیمبولیکن، هیچ هەولێکی دیکە نادەن.
لەلایەکیتر، بەڵگەی زۆر هەیە لەسەر ئەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران بە مەبەستی سەرکووتی ڕاپەڕینی گەلانی ئێران، کەڵکی لە گرووپە ملیشیاکانی وەک حیزبوڵلای لوبنان و حەشدی شەعبی عێراقی وەرگرتووە و ئەمەش دەرخەری هەبوونی دەستێوەردانی دەرەکییە بۆ سەرکووتی ئیرادەی خەڵکانێکی بێبەرگری.
پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت، بەردەوامی ناڕەزایەتی خەڵک لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەروەها پشتیوانی کورد و ئێرانییەکانی دەرەوەی وڵات لە ڕاپەڕینی ناوخۆ، دەتوانێ هەندێک گۆڕانی بەناچاریی بە سەرسیاسەتی ڕۆژئاوادا بەرامبەر بە کۆماری ئیسلامیدا بسەپێنێت.