کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

راگەیاندنی ناوەندی هاوكاریی سەبارەت بە دۆخی هەستیاری مەهاباد و شارەکانی کوردستان

01:00 - 6 خەزەڵوەر 2722

هاونیشتمانیانی خەباتكار!

حیزب و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان و ئێران!

ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكانی مافی مرۆڤ

خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی کۆمەڵانی خەڵک لە ئێران و کوردستان لە ماوەی چل ڕۆژی ڕابردوودا تا دێت بەرینتر دەبێت و یەکگرتویی نێوان ھەموو چین و توێژەکان و نەتەوە ستەملێکراوەکانی ئێران ڕوو لە زیادبوون دەکات. 

ڕۆژی ٤ی خەزەڵوەر لەسەر بانگەوازی ناوەندی ھاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بۆ سازدانی ڕێوڕەسمەکانی چلەمین ڕۆژی شەھیدبونی ژینا؛ ناڕەزاییەکانی ئەم بزوتنەوە جەماوەرییە گەیشتە لوتکە و گەیشتە قۆناغێک کە چیتر گەڕانەوەی بۆ نییە. لە سەرتاسەری ئێرانیشدا خۆپیشاندانەکان بۆ پشتیوانی لە کوردستان و بەبۆنەی چلەی ژینا زۆربەی شارەکانی گرتەوە و بەمەش یەکگرتوویی نێوان خەڵکی ناڕازی لە کوردستان و ئێران پتەوتر بوو.

ھاوکات لەگەڵ بەرین‌بوونەوەی خۆپیشاندانەکان و چوونەسەرەوەی ورەی جەماوەر؛ ھێزەکانی ڕێژیم بێڕەحمانەتر سەرکوتی خۆپیشاندەران دەکەن. ھەر لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا لە قەسری شیرین تا ورمێ حەوت کەس شەھید بوون و سەدان کەسیش بریندار بوون، کە بەم بۆنەوە سەرەخۆشیی خۆمان ئاراستەی بنەماڵە و کەسوکاری شەھیدە سەربەرزەکان دەکەین و ھیوای زوو چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین.

سیاسەتی ناوەندی ھاوکاریی لەم بزووتنەوە نوێیەدا پێکهێنان و پاراستنی یەکگرتوویی و ھاوپشتی نێوان بزووتنەوەی کوردستان و بزووتنەوەی سەرتاسەری بووە، بۆیە جەخت لەسەر پاراستنی هێمنیی خۆپیشاندانەکان و گوتنەوەی ئەو دروشمانە دەکەینەوە کە گشتگیر بن و خزمەت به جەماوەریترکردنی شۆڕشەکە بکات. داوا لە کچان و کوڕانی خەباتکاری کورد دەکەین لە خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکاندا تاکتیکێک بگرنەبەر کە یارمەتیدەری ئەو یەکگرتووییە بەنرخە بێت کە ئێستا لە سەرتاسەری کوردستان و ئێراندا دروست بووە. هەروەها شێوازی خەبات و بەرخۆدانمان یارمەتیدەری بەرینتربوونەوەی بزووتنەوەکە و بەشداریی جەماوەری زیاتر لە خۆپیشاندانەکاندا بێت. بۆیە ئەرکی ھەموومانە ڕێگری لەوە بکەین کە ھێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بیانووی سەرکوتی خوێناوی بەدەست بێنن.

ھاوکات لەگەڵ سەرجەم شارەکانی کوردستان لە ڕۆژی 4ی خەزەڵوەر خەڵکی خەباتکاری مەھاباد بە داخستنی دوکان و بازاڕکان ڕژانە سەر شەقامەکان و دژی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ناڕەزاییان دەربڕی. ھێزەکانی ڕژیم بەخێرایی شاری مەهابادیان میلیتاریزە كرد و سەرکوتی خۆپیشاندەران و گرتنی خەڵکی ناڕازی دەستیان پێ کرد کە تا ئێستاش مەترسیی گرتن و کوشتن لەسەر خەڵکی ڕاپەڕیوی مەھاباد ھەیە.

ئێمە وەك ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران داوا لە هەموو خەڵكی سەرتاسەری كوردستان و ئیران و هەروەها ئازادیخوازانی نیشتەجێی هەندەران دەکەین کە بە هەموو شێوازێكی گونجاو پشتیوانیی خۆیان لە خەڵكی ڕاپەڕیوی مەھاباد و باقی شارەکانی کوردستان دەرببڕن.

داوا لە ناوەندە نێودەوڵەتییەكانی مافی مرۆڤ دەكەین لەسەر خەت بن و بە هەموو شێوازێكی بەردەست ڕێگری لەوە بكەن كە هێزەكانی ڕێژیم لە مەهاباد و شارەکانی دیکە كارەساتێكی مرۆیی و كۆمەڵكوژی ساز بكەن.

ڕەوەندی کوردی و ئازادیخوازانی ئێرانی لە دەرەوە وڵات بە بەشدارییان لە خۆپیشاندانەکان سەرکوت و کوشتاری خەڵکی ناڕازی لەلایەن ھێزەکانی ڕێژیم زیاتر لەقاو بدەن.

سەركەوێ بزوتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی

مەرگ و نەمان بۆ ڕژیمی كۆماری ئیسلامی

ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران

٥ی خەزەڵوەری ١٤٠١ی هەتاوی