کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جاوید ڕەحمان: ژینا ناوێکی کوردییە و ڕێژیمی ئێران نەیهیشتبوو ئەو ناوەی بدرێتێ

12:38 - 6 خەزەڵوەر 2722

جاوید ڕەحمان، ڕێپۆرتێری تایبەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پرسی مافی مرۆڤ لە ئێران لە تازەترین دانیشتنی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر بارودۆخی کوردستان و ئێران، باسی لەسەر پرسی ژینا و ڕاپەڕینی نەتەوەی ئێران کرد.

ناوبرا لە بەشێک لە ڕاپۆرتەکەیدا ئاماژەی بە بارودۆخی کوردستان کرد و گوتی خەڵکی کوردستان لە ئێران لە ڕابردوو و لە ئێستاشدا لە سەرەتاییترین مافی مرۆڤایەتی بێبەش بوون، بۆ نموونە ژینا ناوێکی کوردییە، بەڵام ڕێگریی لە بەکارهێنانی ناوەکەی کراوە و حکوومەتی ئێران بە هیچ شێوەیەک ڕێگە بە ناسنامەی کوردی و ڕادەبڕینی کوردی نادات.

ڕێپۆرتێری تایبەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پرسی مافی مرۆڤ لە ئێران، لە بەشێکی تری ڕاپۆرتەکەیدا ئاماژەی بە سەرکوتی لەڕادەبەدەری نەتەوەکانی تری ئێران کرد و لەسەر کورد ڕایگەیاند: خەڵکی کوردستان لە مافی ناسنامە، زمان و ڕادەربڕین بێبەری و بێبەشن، بۆیە ناڕەزایەتییە مێژووییەکانی کوردەکان گەیشتووەتە ئەوپەڕی خۆی.

لەم بارەیەوە تیموور ئەلیاسی، نوێنەری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێرانی ــ ژنێڤ لە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە دیبەتێکی ماڵپەڕی "کوردستان‌مێدیا"دا ڕایگەیاند: ئێمە ڕوو بە کۆمەڵگەی جیهان ڕامانگەیاندووە کە کوردستان ڕێبەریی شۆڕشی ئێران دەکات، بۆیە بە توندترین شێوە سەرکوت دەکرێت، هەروەها بە ناوەندە جیهانییەکان و بەتایبەت ڕۆژاوا و جاوید ڕەحمانمان ڕامانگەیاندووە کە ژینا ناوێکی کوردییە و ڕێژیمی ئێران ڕێگریی لە بەکارهێنانی دەکات.