خۆپیشاندانی بەرینی خەڵکی مەهاباد لە تۆڵەی کوژرانی ڕۆڵەکانیان بەردەوامە و شەوی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٥ی خەزەڵوەر لە درێژەی خۆپیشاندانەکانی خەڵکی ئەو شارە ژنێکی ٣٢ساڵە بە ناوی خاتوو "فریشتە ئەحمەدی" بە تەقەی هێزەکانی ڕێژیم شەهید بوو.
ڕۆژی پێنجشەممە لە دوای ناشتنی تەرمی "ئیسماعیل مەولوودی" لە گۆڕستانی مەهاباد، خۆپیشاندانێکی هەزاران کەسی بەڕێوە چوو کە خەڵک هێرشیان کردە سەر چەندین بنکە و دامەزراوەی ڕێژیم وەکوو فەرمانداری، شارەداری، کۆمیتەی ئیمداد، ئیدارەی دارایی و چەندین بنکەی بەسیج لەو شارە و ئاگریان تێبەردان.
خەڵکی شۆڕشگێڕی مەهاباد بە دوای ئەوەدا لەگەڵ هێزەکانی ڕێژیم دەرگیر بوون و بە تەقەی هێزەکانی ڕێژیم لەو تێکهەڵچوونانەدا سێ هاووڵاتیی ناڕازی مەهاباد لەوانە شاهۆ خزری، زانیار ئەبووبەکری و خاتوو کوبڕا شێخە شەهید بوون.
خۆپیشاندان دوانیوەڕۆ و شەویش لە مەهاباد هەر بەردەوام بوو کە لە خۆپیشاندانی شەوی ئەو شارەدا ژنێکی ٣٢ساڵە بەناوی "فریشتە ئەحمەدی" خەڵکی شاری سەردەشت و دانیشتووی شاری مەهاباد بە تەقەی هێزەکانی ڕێژیم شەهید بوو.
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هەینی ٦ی خەزەڵوەر هەزاران کەس لە خەڵکی شار بەرەو گۆڕستانی شار وەڕێکەوتن و شەهیدانی راپەڕینی دوێنێی ئەو شارەیان بە خاکی پیرۆزی کوردستان سپارد.
لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی ئەو شەهیدانەدا، خەڵکی شار یەکدەنگ دروشمی "شەهید نامرنـ"ـیان بەرز کردەوە و هەروەها بە دژی ڕێژیمی خامنەیی دروشمیان دا.