![](/content/upload/1/news/56547_w920.jpg)
لە دووهەمین مانگی ڕاپەڕینی سەرانسەریی گەلانی ئێران بەدژی کۆماری ئیسلامی، خەڵکی وەزاڵەهاتوو لە شارە جیاجیاکانی کوردستان و ئێران ڕژانە سەر شەقامەکان و بەدژی دەسەڵاتدارانی ڕێژیم دروشمیان دا.
ڕۆژی هەینی ٦ی خەزەڵوەری ١٤٠١ی هەتاوی، گەلانی وەزاڵەهاتووی ئێران ڕژانە سەر شەقامەکان و دژی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران خۆپیشاندانیان کرد.
لە ڕۆژانی ڕابردوودا ڕێوڕەسمەکانی چلەی ماتەمینی بۆ ژینا ئەمینی و ژمارەیەکی دیکە لە شەهیدانی ڕاپەڕینەکەی مانگی ڕەزبەر، بووە هۆکارێک بۆ بەرینتر بوونەوەی خۆپیشاندانەکان لە شارەکانی ئێران کە ڕێژەی سەرکوتکارییەکان لە کوردستان و بەلووچستان زۆر زیاتر بوو.
خەڵکی شاری زاهیدان بەشێوەیەکی بەرچاو بۆ پشتیوانی لە "عەبدولحەمید ئیسماعیلزێهی" پێشنوێژی هەینیی ئەو شارە بەشدارییان لە نوێژی هەینی کرد؛ دواتر ڕژانە سەر شەقامەکان و بە دانی دروشم دژی خامنەیی و کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ جارێکی دیکە رایانگەیاند کە لەسەر داوای خۆیان سوور و بەردەوامن و ئەو ڕێژیمەیان ناوێ.
لە شارەکانی دیکەی ئێران و کوردستانیش بە هەمان شێوە شۆڕشی سەرانسەری بەردەوامە و دەسەڵاتدارانی ڕێژیم لەوە تێگەیشتوون کە ئەو ڕێژیمە جێگە و پێگەیەکی لە نێو خەڵکدا نەماوە.