کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوەی نافەرمیی شۆرای ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر دۆخی خۆپیشاندەرانی ئێران

11:18 - 7 خەزەڵوەر 2722

شۆرای ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوە یەگرتووەکان، لەسەر دۆخی شۆڕشی سەرانسەریی گەلانی ئێران، ڕایگەیاندووە کە لە داهاتوودا کۆبوونەوەی نافەرمی بەڕێوە دەبا.

ڕۆژی هەینی ٦ی خەزەڵوەری ١٤٠١ی هەتاوی، هەواڵدەریی "ڕۆیتێرز" ڕایگەیاند کە، شۆرای ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر داواکاریی ئەمریکا و ئاڵبانی، بڕیارە ڕۆژی چوارشەممەی داهاتوو کۆبوونەوەیەکی نافەرمی لەسەر خۆپیشاندانەکانی گەلانی ئێران بەدژی کۆماری ئیسلامی بەڕێوە ببەن و بڕیار وایە کە "جاوید ڕەحمان" هەواڵنێری تایبەتی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کاروباری ئێران و ژمارەیەک کەسایەتی و چالاکی دیکەی ئێرانی بەشداریی کۆبوونەوەکە بکەن و لەسەر دۆخی خۆپیشاندەرانی ئێران قسە بکەن.

ڕۆیتێرز لە درێژەی ڕاپۆرتەکەیدا ئاماژەی بەوەش کرد کە، لەو کۆبوونەوەیە‌دا درێژەی سەرکوتکردنەکانی ژنان، کچان و نەتەوەکانی دیکەی ئێران لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە، تاوتوێ دەکرێ و ئەو کۆبوونەوەیە دەرفەتێکە بۆ ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەیەکی متمانە پێکراو بۆ مەحکوومکردنی پێشێلکارییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و سەرکوتکردنی خەڵکی وەزاڵەهاتووی گەلانی ئێران و بەتایبەتی کوشتنی قوتابییان و منداڵانی خوار تەمەن ١٨ساڵان کە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرەکانی خامنەیی کوژراون.