کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەرکرانی ٤٣ ڕۆژنامەنووس لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە

11:37 - 7 خەزەڵوەر 2722

ڕێکخراوی هەواڵنێرانی بێسنوور ڕایگەیاند کە هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم ٤٣ ڕۆژنامەنووسیان دەسبەسەر کردووە ؛ بەو پێیە ڕێژیمی ئێران دوای چین و میانمار بووەتە سێهەمین گەورەترین بەندیخانەی ڕۆژنامەنووسان.

ڕۆژی هەینی، ٦ی خەزەڵوەری ١٤٠١ی هەتاوی، ڕێکخراوی هەواڵنێرانی بێسنوور لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە، ٤٣ ڕۆژنامەنووس لە ئێران لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی خامنەییەوە دەسبەسەر کراون کە هەواڵ و زانیاریی دۆخی خۆپیشاندانەکانی خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئەو وڵاتەیان گواستووەتەوە و لەهەمبەر کوشتنی خۆپیشاندەران ناڕەزایەتییان دەربڕیوە، بۆیە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کراون و بە سیخوڕ ناسراون.

لە درێژەی بەیاننامەکەدا هاتووە کە، "کریستۆف دێلۆر" بەرپرسی گشتیی ڕێکخراوی هەواڵنێرانی بێسنوور وتوویەتی: بەرپرسانی پلەبەرزی کۆماری ئیسلامیی ئێران، شەڕی خۆیان لەگەڵ ڕاگەیاندنە سەربەخۆکان پەرە پێداوە و بەتوندترین شێوە ڕووبەڕوویان دەبنەوە و هەروەها گوشاری زۆریشیان بۆ ڕۆژنامەنووسانی دەرەوەی ئێران هێناوە و هەڕەشەی کوشتن و ڕفاندنیان لێ دەکەن و هەموو ڕۆژێک کاری ڕۆژنامەنووسان لە ئێران سنووردارتر دەبن و ڕێگەیان پێ نادرێ کە دۆخی خۆپیشاندەران بۆ کۆمەڵگەی جیهانی بگوازنەوە.