کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا گەمارۆی خستە سەر دامەزراوەی "١٥ی خورداد"ی ڕێژیمی ئێران

11:55 - 7 خەزەڵوەر 2722

ڕۆژی هەینی ٦ی خەرەڵوەر، وەزارەتی خەزێنەداریی ئامریکا، دامەزراوەی "١٥ی خورداد" سەر بە ڕێژیمی ئێرانی، بەهۆی دانانی خەڵات بۆ تێرۆری "سەلمان ڕۆشدی" نووسەری ڕۆمانی "ئایەتی شەیتانی" خستە پێڕستی گەمارۆکانیەوە.

لەو پێوەندییەدا "برایان ئێی نێلسۆن"، جێگری وەزیری خەزێنەداریی ئامریکا ڕایگەیاند: "ئامریکا بۆ ڕووبەڕوبوونەوە لەگەڵ هەڕەشەکانی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران دژی مافی جیهانیی ئازادی ڕادەربڕین، ئازادی ئایین یان بیروباوەڕ و ئازادی میدیا، لە تێکۆشان بەردەوام دەبێت".

"نێلسۆن" هەروەها وتوویەتی: "هەوڵی تێرۆری سەلمان ڕۆشدی کە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە دەسخۆشانەی لێ کراوە زۆر مەترسیدارە".

تا ئێستا ئەو فتوایەی "خومەینی" بووەتە هۆی کوشتنی چەندین وەرگێڕ و هەروەها ئەو کەسانەی کە کتێبی "ئایەتی شەیتانیان" بڵاو کردووەتەوە.

"سەلمان ڕۆشدی"، نووسەری بریتانیایی ـ ئامریکایی و بە ڕەچەڵەک خەڵکی وڵاتی "هیند"ـە.