خەڵكی خەباتكار!
هەڵسوڕاوانی سیاسی و هاوڕێیان!
لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا لە فەزای مەجازی و لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بە شێوەیەكی نابەرپرسیارانە و بەئەنقەست كۆمەڵێك دەنگۆی بێبنەما سەبارەت بە كۆبوونەوەی بەرپرسانی ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران لەگەڵ لایەنە تایبەتەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی بڵاوكرایەوە.
ئێمە سەرەڕای ڕەتكردنەوەی هەموو ئەو دەنگۆیانە و مەحكومكردنی ئەو شێوازە ناسیاسی و نائەخلاقییانە لە كەشی سیاسیی كوردستاندا، ڕایدەگەیەنین: ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران لە هیچ پەیوەندی و دیالۆگێك لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی خوازیاری ڕووخانی كۆماری ئیسلامی سڵ ناكاتەوە. بەپێچەوانەوە ئێمە زۆر شەفاف و ڕۆشن دەڵێین كە خوازیاری دیالۆگ و هاودەنگی لەگەڵ هەموو ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی بە ئاراستەی پێكهێنانی ئاڵتەرناتیڤێكی دێموكراتیك، سێكۆلار، خوازیاری لامەركەزی و پلۆرالیست بۆ ئێرانی داهاتووین. لە هەمان كاتدا ڕاشكاوانە پێداگری لەسەر مافەكانی خەڵكی كوردستان و، هاوپشتی و یەكگرتوویی كوردستان لەگەڵ باقی خەڵكی ئێران دەكەینەوە.
هەروا كە هەمووان دەزانن و لەم ماوەی ڕابردووشدا زۆرتر ئاشكرا بوو كە ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران جێگا متمانەی جەماوەری خەڵكی كوردستانی ئێرانە و لە سەرتاسەری ئێرانیشدا جێگا بڕوا و خاوەنی پێگەیە. بۆیە سروشتییە كە كەسان و لایەنگەلێك هەوڵ بدەن تێڕادیوی و متمانەی خەڵك بە ئێمە خەوشدار بكەن، بەڵام ئەوە تەنیا خەیاڵی خاوە و ئەو جۆرە كردارانەیان بێجگە لە زیان گەیاندن بە خۆیان و بە بزوتنەوەی ئازادیخوازانەی خەڵی كوردستان هیچ سودێكی نابێت.
ناوەندی هاوكاری حیزبەكانی كوردستانی ئێران
٧ی خەزەڵوەری ١٤٠١ (٢٩ی ئۆكتۆبری ٢٠٢٢)