کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەندامێکی دێرینی حیزبی دێموکرات لە ناوچەی کامێران کۆچی دوایی کرد

14:54 - 7 خەزەڵوەر 2722

ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٦ی خەزەڵوەر، کاک "جافر قوربانی" ئەندامی دێرینی حیزبی دێموکرات و کوڕی شەهید "عەلی قوربانی"، لەدایکبووی ساڵی ١٣٤٦ی هەتاوی و خەڵکی گوندی "بزوەش" سەر بە شاری کامێران بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد.

لە سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێران و خەباتی ئاشکرای حیزبی دێموکراتەوە کاک "عەلی قوربانی"  باوکی کاک "جافر" دەبێتە پێشمەرگە و ساڵی ١٣٦٠ شەهید دەبێت، هەر لەو کاتەدا کاک "جافر" دەبێتە ئەندامی حیزب و بەوپەڕی دڵسۆزی و فیداکارییەوە ئەرکە حیزبییەکانی بە ڕێکوپێکی بەڕێوە دەبا.

لە ڕێکەوتی ٢٨ی سەرماوەزی ١٤٠٠ی هەتاویدا کاتێک کە کاک "حەیدەر قوربانی" ئەندامی تێکۆشەری حیزبی دێموکرات و کوڕی کاک "عەلی" لەلایەن ڕێژیمی تاریکپەرەستی ئێرانەوە لەسێدارە درا، بە دیتنی تەرمی بەناحەق لەسێدارەدراوی براکەی تووشی نەخۆشی بوو و هەر بەو نەخۆشییەشەوە کۆچی دوایی کرد.

کوڕێکی کاک "جافر" بە ناوی "نامدار قوربانی"  ئەندامی حیزبی دێموکرات بوو کە ساڵی ١٣٩٧ بە پیلانێکی داڕێژراو لە ڕووداوێکی هاتوچۆدا لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە گیانی لەدەست دا.

کاک "جافر" هەتا دواساتەکانی ژیانی وەفادار بە ڕێگا و ڕێبازی شەهیدانی حیزب و گەل مایەوە.

تەرمی ناوبراو لەنێو ئاپۆڕای خەڵکی ناوچە بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە بنەماڵە وخزم و کەسی کاک "جافر" دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.