کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبی دێموکرات لە وڵاتی بولغارستان سکاڵای لەسەر ڕێژیمی ئێران تۆمار کرد

15:12 - 7 خەزەڵوەر 2722

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەسەر تۆمەتی بێ‌بنەما و چەواشکاریی باڵوێزی ڕێژیمی ئێران لە وڵاتی بولغارستان کە حیزبە کوردستانییەکانی بە تێرۆریست لەقەڵەم دابوو، بەفەرمی سکاڵای لەسەر ڕێژیمی ئێران تۆمار کرد.

محەممەدجەواد ڕسووڵی، باڵوێزی ڕێژیمی ئێران لە بولغارستان، سەرەڕای کارنامە و پێشینەی ڕەشی ڕێژیمەکەیان لە تێرۆریزمی دەوڵەتیدا، لە میدیاکانی ئەو وڵاتەدا لایەنە سیاسییە کوردستانییەکانی بە تێرۆریست لەقەڵەم داوە. بەدوای ئەوەدا حشمەت حوسەینی، نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی بولغارستان لە دادگای ئەو وڵاتەدا بەفەرمی سکاڵای لەسەر ئەو باڵوێزەی ڕێژیم و ڕێژیمی ئێران تۆمار کردووە.

نوێنەری حیزبی دێموکرات لە بوڵغارستان لە لێدوانێکدا بۆ ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ڕاگەیاند: "چەند رۆژ پێش ئێستە باڵوێزی ڕێژیمی ئێران کە لەگەڵ تەلەفیزیۆنی ١ی بولغاری وتووێژی هەبووە و پرسیاری خۆپێشاندانەکانیان لێ کردووە، وەک پێشەی هەمیشەییی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران شەهیدبوونی شەهید ژینای بە مردنی ئاسایی لەقەڵەم دا و پرسی خوپێشاندانەکانی بە حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی ئێران گرێ دایەوە و لە هەمان کاتیشدا حیزبە کوردستانییەکان و ئەو خەڵکەی کە داوای مافی ڕەوای خۆیان دەکەن، بە تێرۆریست ناوبرد". ناوبراو لە دێژەی لێدوانەکەیدا ئاماژەی بەوەش کرد کە لە کۆتایی بەرنامەکەدا بەڕێوەبەری بەرنامەکە خۆی و کاناڵەکەی لە قسەکانی باڵوێزی ڕێژیمی ئێران بێبەری کرد و هەموو قسەکانی ئەو باڵوێزەی ڕێژیمی ئێرانی ڕەت کردەوە. ئەو گوتی: "لەسەر ئەو تۆمەتانەی باڵوێزی ڕێژیم، بە نوێنەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە ئەرکی وەک ئەرکێکی پێویست وەڵامی ئەو هەموو چەواشەکاری و تۆمەتەکانی باڵوێزی ڕێژیم بدەمەوە، بۆیە لەو پێوەندییەدا لە دادگای ئەو وڵاتە بەفەرمی سکاڵام لەسەری تۆمار کرد و بە حکوومەتی بولغارستانم ڕاگەیاند کە ئەوەی تێرۆریستە ڕێژیمی ئیسلامییە بۆ ئەم وابێژییەیش بەڵگەی زۆرمان لە بەردەست‌دایە. بۆ نموونە دەتوانین تێرۆری ڕێبەرانی حیزبی دێموکرات و دەیان کەسایەتیی سیاسیی کورد و ئێرانی لە وڵاتانی ئورووپایی".

 حشمەت حوسەینی لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوەش کرد کە چەندین پارلەمانتار و کاربەدەستی وڵاتی بولغارستان پشتیوانیی خۆیانیان لە ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان و ئێرانی سیاسیی هەنووکە دەربڕیوە.