کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپیشاندانی لە شارەکانی کوردستان دژی ڕێژیمی ئێران درێژەی هەیە

15:21 - 7 خەزەڵوەر 2722

ڕاپەڕینی خەڵکی شارەکانی کوردستان هاوشان لەگەڵ باقی شارەکانی دیکەی ئێران بەردەوامیی هەیە و خەڵک هەر ڕۆژە زیاتر و مکوڕتر خۆپیشاندانەکان درێژە دەدەن.

ڕۆژی هەینی ٦ی خەزەڵوەر لە شارەکانی ئیلام، سنە، مەهاباد، مەریوان، بۆکان، کرماشان، دیواندەرە، سەرپێڵ زەهاو، ورمێ، میاندواو، بیجاڕ، قەسر شیرین، سەقز و چەندین شوێنی دیکە خەڵک خۆپیشاندانیان بەڕێوە برد.

لە  خۆپیشاندانی خەڵکی شارەکانی کوردستاندا، دژی ڕێژیم دروشم درا و زۆربەی شەقامەکانی شار بەسترابوون و هیچ مەودایەک بە هێزەکانی ڕێژیم نەدرا کە ڕووبەڕووی خەڵکی ناڕازی ببنەوە.

 ڕۆژی ڕابردوو لە چەندین گەڕەکی شاری ئیلام خەڵک هاتنە سەر شەقامەکان و زۆربەی ڕێگاکانیان گرتبوو.

لشەوی ڕابردوو خەڵکی ڕاپەڕیوی شاری سنە لە بەردەم نەخۆشخانەی کەوسەر کۆبوونەوە و خۆپیشاندانیان بەڕێوە برد و هەروەها شەقامی دوکتور قاسملوویان بەدەستەوە گرتبوو.

 لە زۆربەی شەقامەکانی شاری سنە خەڵک خۆپیشاندانیان بەڕێوە برد و زۆربەی شەقامەکانی شار لە دەستی خەڵکی ڕاپەڕیوی شاردا بوو و خۆپیشاندەران ئاگریان کردەوە و دروشمیان دا،  دواتر شەڕ و تێکهەڵچوون لە نێوان خەڵک و هێزەکانی ڕێژیمدا ڕووی دا و هێزەکانی ڕێژیم تەقەیان لە خەڵک دەکرد. 

لە شاری سەرپێڵ زەهاو، شەوی ڕابردوو  خەڵکی بەهەڵوێستی شار شەقامەکانی شاریان گرتبوو و ئاگریان کردبووەوە و دروشمیان دژی ڕێژیمی ئێران دەدا.

لە مەهاباد، خۆپیشاندانی خەڵکی وەزاڵەهاتووی شار هەروا بەردەوام بوو و  خۆپیشاندەران سەرەڕای بوونی هێزی ڕێژیم لە زۆربەی گەڕەک و شەقامەکانی شار، درێژەیان بە خۆپیشاندان دا و زۆربەی شەقامەکانی شار لە دەستی خەڵکدا بوو و دروشمەکانی خەڵک بەرز و بەرزتر دەبووەوە.

لە گەڕەکی "سەیداوا"ی ئەو شارە خەڵکی ڕاپەڕیو ئاگریان کردبووەوە و دروشمی تایبەتیان دژی ڕێژیم دەوتەوە، هەروەها لە گوندی "ئوسووکەند" کە لەسەر ڕێگای مەهاباد بۆ ورمێ هەڵکەوتووە، لاوانی بەهەست هاتبوونە سەر ڕێگا و بە کردنەوەی ئاگر و گرتنی ڕێگاکە، ویستیان ڕێگا لە هاتنی هێز لە ورمێ بۆ مەهاباد بگرن.

لە مەریوان، خەڵکی شار لە گۆڕەپانی "پێشمەرگە" هاتنە سەر شەقام و وێڕای گرتنی شەقامەکان و دانی دروشم، درێژەیان بە خۆپیشاندان دا.  

لە بۆکان، لاوانی ڕاپەڕیو لە گەڕەکی "کەلهوڕئاباد"، "مەسکەنی مێهر" و چەندین شوێنی دیکەی شار بە کردنەوەی ئاگر و دانی دروشم خۆپیشاندانیان بەڕێوە برد و شەقام و گەڕەکەکانی شاریان لە دەستی خۆیان گرتبوو و مەودا بە هاتنی هێزی ڕێژیم نەدرا.

لە ورمێ شەوی رابردوو، خەڵکی ڕاپەریوی شار لە زۆربەی شەقامەکانی شار لەوانە شەقامی وەلیعەسر و زۆربەی شوێنەکانی دیکەی شار خۆپیشاندانیان بەڕێوە برد و ئاگریان کردەوە و دروشمیان دا  و شەقامەکانیان لە دەستی خۆیان گرتبوو.

لە کرماشان خەڵکی داخ لە دڵی شار ڕۆژی ڕابردوو تەرمی شەهید "ئەفشین ئاشام"یان کە لە خۆپیشاندانەکانی خەڵکی ئەو شارەدا بە تەقەی هێزەکانی ڕێژیم شەهید ببوو، لە گۆڕستانی ئەو شارە بە خاک سپارد و بەو بۆنەوە بە دانی دروشم ڕق و تووڕەیی خۆیان نیشان دا.

لە دیواندەرە، لاوانی  بەهەڵوێستی شار ئامادەی خۆپیشاندانن و هەر ئان و ساتێک، ڕاپەڕین دەست پێ دەکاتەوە و لاوان دێنە سەر شەقام.

لە میاندواو و بیجار، ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی خەڵک درێژەی هەبوو و تا دێت ڕێژەی خەڵکی ناڕازی لەسەر شەقامەکان زیاتر دەبێت.

لە شاری "قەسر شیرین" ڕاپەڕینی خەڵک لەسەر شەقامەکانی ئەو شارە بەردەوام بوو و ئیرادەی خەڵک بۆ درێژەدان بە خۆپیشاندانەکان بەرزە  و شەقامەکانی شار گۆڕەپانی بەربەرەکانێی خەڵکی ڕاپەڕیوی شارن دژی هێزەکانی ڕێژیم.

هەروەها لە سەقز، شاری "ژینا ئەمینی" خۆپیشاندانی خەڵکی ڕاپەڕیوی شار هەروا بەردەوامە و شەقامەکانی شار لە دەستی لاوانی شۆڕشگێڕدایە.