کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرهەمی خەباتێکی ڕەوا و بەرحەق

16:37 - 7 خەزەڵوەر 2722

ئەشکان محەممەدی   

حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران لە سەرەتای دامەزرانیەوە تا ئەمڕۆ یەکێک لە ئەرکەکانی، هەروەها ئامانج و بنەما سەرەکییەکانی خەباتی ئەوە بووە، لە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دانەبڕێ. ئەگەرچی هەلومەرجی سیاسی وای خواستووە کە حیزب شێوازی جۆراوجۆری خەباتی سیاسی و پێشمەرگانە بگرێتە بەر، بەڵام لە هەر بارودۆخێکدا بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان فاکتەری سەرەکیی هەر بڕیارێکی ڕێبەریی ئەم حیزبە بووە.

دوای شۆڕشی ١٣٥٧ و دوای ئەوەی کۆماری ئیسلامیی تازە بە دەسەڵات گەیشتوو حاشای لە بیستینی دەنگی مافخوازانەی کورد و حیزبی دێموکرات کرد، و شەڕی بە سەر کوردستاندا سەپاند؛ حیزبی دێموکرات لەگەڵ ئەوەدا هەموو هەوڵێکی دا ئەو شەڕە لە کوردستان دوور خاتەوە، بەڵام کاتێک هیچ ڕێگەیەک نەما قۆڵی هیممەتی لە بەرگری لە ماف و کەرامەتی گەلی کورد هەڵکرد. ڕێبەریی حیزبی دێموکرات لە قۆناغی بەرگریی چەکدارانەشدا هەموو کات لەسەر ئەو باوەڕە بووە کە شەڕ وەک ئامرازێکی سیاسی چاو لێ دەکا بۆوەی کۆماری ئیسلامی ئەو پرسیارەی لا دروست بێت و دان بە پرسی کورددا بنێت و ڕێگای چارەسەری ئاشتییانەی ئەو پرسە بگرێتە بەر.

دروشمە ستراتیژی و درێژخایەنەکانی حیزبی دێموکڕات ڕەنگ و مۆرکی خەڵکی و کوردستانیان پێوە دیار بووە و حیزب بۆ هیچ لایەنێکی دەرەکی و ئایدۆلۆژییەکی تایبەت و دیاریکراو دروشمی هەڵنەگرتووە. بەڵکو پێوانە و ڕێوشوێنەکانی دروشمەکانی ناخی تاکی کورد، خەڵکی کوردستان و پێکهاتەی گشتی کورد بووە، ئەوەش لەو پێناوەدا بووە کە کورد خەبات دەکا بۆ دامەزراندنی کیانێکی سەربەخۆی کوردی. بەڵام سروشتی کۆماری ئیسلامی ئەوەیە کە ناتوانێ خاوەن عەقڵانییەتێکی ئەوتۆ بێت مافی گەلانی دیکە دابین بکا، بەڵکوو بە سەرەڕۆیی و زەبر و زەنگ دەیەوێ هەموو دەنگێکی جیاواز لەنێو بەرێ. هەوڵدان بۆ دەستنیشان‌کردنی ئەو ڕاستییە زۆر سانایە چونکە لە ماوەی تەمەنی ٤٣ ساڵەی کۆماری ئیسلامیدا بە دەیان هەزار کەس لەوانەی داوای مافە ڕەواکانی خۆیان دەکەن ئێعدام و تێرۆر و بێ سەروشوێن کراون و ئێستاش زیندانەکانی ڕێژیم پڕن لە کەسانی جیابیر.

زەبر و زەنگی کۆماری ئیسلامی تەنیا نەبەستراوەتەوە بە کوردستان بەڵکوو بلوچەکان، تورکەکان، عەڕەبەکان، ئازەرییەکان و تاکە کەسەکانیش کەوتوونەتە ژێر ئەو زەبر و زەنگەوە. ئاماری ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ئەوە نیشان دەدەن کە سەرکوت و زەبر و زەنگ و ئێعدام لە کۆماری ئیسلامیدا بە شێوەیەکی سیستماتیک بەڕێوە دەچێ و ئێران لە ئاماری ئێعدام‌کردندا بە بەراورد لە گەڵ ڕێژەی حەشیمەتی وڵات پلەی یەکەمی هەیە لە دنیادا. تیرۆری کەسایەتییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی چ لە نێوخۆی ئێراندا و چ لە دەرەوەدا یەکێک لە کارە قێزەونەکانی ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامییە کە سەدان نموونەی دیاری هەیە.

بە درێژایی مێژووی کۆماری ئیسلامی گەلی کورد قوربانییەکی گەورەی دەستی کۆماری ئیسلامی بووە. سیاسەتی داگیرکاریی ڕێژیم لە کوردستان، تێرۆری دوو ڕێبەی حیزب و هەروەها تیرۆرکردنی سەدان تێکۆشەری دژبەری کۆماری ئیسلامی لە دەرەوەی ئێران، ئێعدام‌کردنی تێکۆشەران و چالاکانی کورد لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامیدا نموونەی دیار و بەرچاوی دوژمنایەتی ئەو ڕێژیمە دەرحەق بە خەڵکی کوردستانن. حیزبی دێموکراتیش لە خەباتی نەتەوایەتیی خۆیدا چیی لەدەست هاتووە بۆ شۆڕشی کردووە و لە هەموو ماوەی ٤٣ خەباتی حیزب بە دژی کۆماری ئیسلامیدا وەک حیزبێکی پێشکەوتووی سەردەمیانە دەرکەوتووە. هیچ کات پەنای نەبردووە بۆ تیرۆر و ڕەشەکوژی و کولتووری سیاسیی ئەم حیزبە شۆڕشگێڕە وای کردووە حیزب بتوانێ خاوەنی پێگەیەکی گەورە هەم لە نێو خەڵکی کوردستان و هەم لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بێت. وەڵامدانەوەی خەڵک بە بانگەوازەکانی مانگرتن و خۆپێشاندانەکان و هەروەها داخوازە سیاسییەکانی حیزب لەلایەن خەڵکەوە لە هەموو ماوەی ژیانی سیاسیی حیزبی دێموکراتدا بەڵگەی ڕوون بۆ پێگەی قورس و قایمی ئەم حیزبە لە نێو کۆمەڵگەی کوردستانن.

لە ئێستاشدا کە خەڵکی کوردستان بە لە بەرچاو گرتنی سیاسەتی حیزب و هەروەها کارە دژی گەلی و دژە ئینسانییەکانی کۆماری ئیسلامی هاتوونە سەر ئەو باوەڕە کە تاکە ڕێگای دەرباز بوون ئەوا نەمان و ڕووخانی کۆماری ئیسلامییە، حیزبی دێموکڕات لە مێژە ئەو دروشمە بەرز دەکاتەوە و ئەو ڕاستییە باس دەکا کە تەنیا ڕێگەی ڕزگاری خەڵکی کوردستان نەمانی ئەو ڕێژیمەیە. دروشمێکی ڕەوا و بەرحەق کە باجێکی زۆری لە پێناودا دراوە. ئەوەی کە ئەمڕۆ حیزبی دێموکڕاتی هەروا بەهێز و چالاک هێشتۆتەوە ئەو کولتوورە بەبایەخەیە کە ئاوێزانی خەڵکی کوردە و هیچ کات حیزب نەیهێشتووە لە کۆمەڵانی خەڵک داببڕێ.

ئەوەش کە کۆماری ئیسلامی دەبێ بڕوا و بڕووخێ، ئەنجامی بیرکردنەوەی ژیرانە و سەردەمیانە و مۆدێڕنی حیزبی دێموکراتە کە ئێستا دەبینین خەڵکی ئێران یەکپارچە داوای نەمانی کۆماری ئیسلامی دەکەن. حیزبێکی زیندوو و پێشکەوتوو ئەوەیە کە بتوانێ سەردەمیانە بیر بکاتەوە و کۆمەڵگەی خۆی باش بناسێ و ئەگەرچی حیزب لە خەباتێکی دوور و درێژیدا قوربانیی زۆری داوە، بەڵام بەرهەمی ئەو خەباتە ئەوەیە کە خەڵکی کوردستان بە هیوا و ئومێدەوە ناوی حیزبی دێموکرات دەهێنن و خەڵکی ئێرانیش بەو ئاکامە گەیشتوون کە ئەوەی حیزب چەندین ساڵە خەباتی بۆ دەکا و هاواری بۆ دەکا هەڵوێستێکی عەقڵانی و ژیرانە بووە.

شۆڕشی خەڵکی ئێران لە ئەمڕۆدا هەڵقوڵاوی بیر و ئەندێشەیەکە کە حیزب لەسەر ئەو بنەمایە دامەزراوە کە ڕێز گرتن لە ماف و ئازادیی گەلان و مرۆڤەکانە، شۆڕشێک کە کۆماری ئیسلامی ناتوانێ سەرکوتی بکا و ئاکامەکەی سەرکەوتنی هێزی گەلە.