ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٣٠ی ڕەزبەر، دایە "کوبرا موترێبی" دایکی شەهید "باقر هونەروەر" خەڵکی شاری سنە کۆچی دوایی کرد.
دایە "کوبرا" ژنێکی نیشتمانپەروەر بوو و هەمیشە شانازیی بە ڕێبازی کوڕە شەهیدەکەیەوە دەکرد کە بەداخەوە مەرگ مۆڵەتی نەدا ڕزگاریی نیشتمانەکەی ببینێت.
کوڕێکی دایە "کوبرا" بە ناوی شەهید "باقر هونەروەر" لەدایکبووی ساڵی ١٣٣٦ لە شاری سنە، پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بوو کە ٦ی خەزەڵوەری ساڵی ١٣٦٠ لە جادەی مەریوان لە شوێنێک بە ناوی "بەڕوەر" لە دەرگیرییەکدا بەدەستی نەیارانی حیزب و گەل شەهید کرا و لە گوندی "باینچۆ"ی سنە بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپێردرا.
شەهید "باقر" هەتا کاتی شەهیدبوونی بە پلەی تەشکیلاتیی "پێشمەرگە" بەوپەڕی هەست و سۆزەوە لە هێزی شەهید "ئیسماعیل شەریفزادە" کار و ئەسپاردەکانی حیزبی بەڕێوە برد.
تەرمی دایە "کوبرا" لە شاری سنە لەنێو ئاپۆرای خەڵکی ناوچە بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپێردرا.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە خەزم و کەسی ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.