ئەلبورز ڕۆئین تەن
ئەوەی لە ماوەی پێنج حەوتووی ڕابردوو لە نێوخۆی ئێران بەردەوامە، شۆڕشێکی پڕ لە مانای ئازادی خواستنە بۆ ڕزگاربوون لە یەکێک لە خوێنڕێژترین و دڕندەترین دیکتاتۆری ئێستای دونیا.
ئەو شۆڕشە کە بە بانگەوازی مانگرتنی ناوەندی هاوکاری لە کوردستان دەستی پێ کرد، بە خۆپێشاندان لە کوردستان خۆی نیشان دا، بە وەدەنگهاتنی شارەکانی دیکەی ئێران بەرفراوان بوو، بە هاتنە سەر خەتی چین و توێژی جیا جیا بەردەوام بوو، بە خاوەن دەرکەوتنی کوردستان لە هێزەکانی سیاسی دوای هێرشی مووشەکی بەرگری لە مانەوەی خۆی کرد، بە خۆپێشاندانەکانی لە وڵاتەکانی جیاوازی دونیا دەنگی گەیاندە گوێی ڕای گشتی و سیاسەتوانانی ڕۆژئاوای، بە خۆپێشاندانەکانی بڕلین ئیتر بووە شۆڕشێک کە هیچ کاتێک بەرەو دواوە ناگەڕێتەوە و بەڵکوو زیادتر لە هەموو کاتێک لە سەرکەوتن نزیکە.
ئەوەی لە مونتڕاڵ و لە بڕلین بە بەشداریی سەدان هەزار کەس کە بەڕێوە چوو، ڕەنگی سیاسیی لایەنێکی تایبەتی پێوە دیار نەبوو، بەڵکو ویستی خەڵک بۆ ئازادیخوازی بوو، کە بە ئەرکی خۆیان دەزانی بەشدار بن تا نیشان بدەن کە دژی کۆماری ئیسلامین و دەیانهەوێ نەمێنێ.
هەر ئەو خەڵکەی کە بەردەوام ڕەخنەی لێ دەگیرا کە بەرژەوەندی خۆی ناخاتە مەترسی و لە بەرانبەر ڕێژیم ڕاناوەستێ، بە هۆی ئەو ورەیەی کە لە نێوخۆی وڵات وەری گرتووە ئیتر پایتەختەکانی دونیا دەلەرزێنێ لە هەموو شوێنێکی دونیا بە بڕینی هەزاران کیلۆمەتر بەرەو شوێنی خۆپێشاندان دەڕوات و هاواری ئازادیخوازی هەڵدەدات.
ئەو خۆپێشاندانە گەورانە کە بە هەوڵ و پێشەنگایەتی کەسانی بێڕێکخراو و ڕێبەری سیاسی ڕێکدەخرێت، بە جورێک پەیامی شکستی ئۆپۆزیسیونی خاوەنمیدیا و ئایدۆلۆژیکی فارسی پێیە، کە نەیاتوانیوە پێگەیەکی جەماوەری دروست بکەن و بە شێوەیە هاواری نێوخۆ بە دونیای دەرەوە بگەیەنن و تەنانەت ئێستاش لە جیاتی داهێنان کە چۆن هاوکاری شۆڕش بن بەدوای سواربوون لە شەپۆلەکانی شۆڕشی خەڵکن. لەلایەکی دیکە دەرخەری ئەو ڕاستییەن کە تێزە سیاسییەکانی ئەوان کە ئێستاش خۆیان لە پاراستنی تەواویەتیی خاکی ئێران و نەدیتتنی ڕاستیی فرەنەتەوە بوونی ئێراندا دەبینێتەوە، لەنێو خەڵک شوێنی ئەوتۆی نابێتەوە بەڵکوو خەڵک لەوان دێموکراتتر بیر دەکاتەوە.
بەڵگەی ئەو ڕاستییەش وتەکانی حامید ئیسماعیلون، ڕێکخەری ئەو خۆپێشاندانانە بە دژی کۆماری ئیسلامیە کە بە "خەونێکمان هەیە" دەست پێ دەکات، کە لە وتەکانی ڕێبەری خەباتی ڕەشپێستەکانی ئەمریکا مارتین لوتر ئیلهامی وەرگرتووە و هەروەک ئەویش باس لە ئازادی دەکرد و جەختیشی کردەوە کە بۆ بەدیهاتنی ئەو ئازادییەش دەبێ کۆماری ئیسلامی نەمێنێ.
ڕاستییەکی دیکەی ئەو خۆپێشاندانە ڕاستیی هێزی کوردییە، کە بە هێمای کورد واتە ئاڵای کوردستان دەردەکەوێ و نەک لە نێو حەشیمەتی سەدان هەزار کەسی ون نییە، بەڵکوو زەق و بەرچاوە، ئەو هێزە کە هەر لە سەرەتاوە بە خەبات دژی ڕێژیمەوە سەرقاڵە و قوربانیی داوە و بە هێمای خۆیەوە دیارە و پەراوێز ناخرێ، هەر چۆن ڕێکخەران و بەشدارانی ئەو خۆپێشاندانانەی بە تایبەتی لە نەتەوەی فارس جیاوازن و نەرمتر لە ئۆپۆزیسونی فارس واتە دێموکراتترن، هێزی کوردیش سوورتر لەسەر پرسی نەتەوەیین و ئامادە نین هێما و پرسەکەیان بکەنە قوربانیی پڕۆپاگەندەی ڕێژیم و ناحەزانی مافی کوردان، بەڵکوو شێلگیرتر لە جاران لە گۆڕەپاندان و بە ئاڵای بەرزی کوردستانەوە خۆری درەوشاوەی خۆپێشاندانەکانن، ئەو هێزە کە بەشێکی بەرچاوی ئەندامی حیزبی دێموکراتی پێشەواو و قاسملوو و شەڕەفکەندی نەمرە خاوەن ئایدۆلۆژی کوردایەتی خۆیانن و زیادتر لە هەر کاتێک هەڵگری پەیامی کوردایەتی و دێموکراسی و ئازادیخوازی و سەربەستی نەتەوەکەی خۆیان و نەتەوەی دیکەن.
ئەمڕۆ زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە هاواری ئازادیخوازی بەرزە و بەرزتریش دەبێت، ئەو هاوارە بە گوێی نێوخۆش گەیشوتوە و هاواری میلیۆنی لێ هەڵدەستێتەوە کە تەختی زۆردار لە بن هەڵدەقەنێ و ئازادی بەدی دێنێ، بەڵام بۆ ئەوەی ئازادیمان باشتر لە جاران بپارێزین و نیشتمان بۆ ژێردەستەی نەگەڕێنینەوە پێویستە هەر چۆن بە خەباتمان نەمانهێشت ئاڵای ئازادیخوازی بکەوێ و هەر شەکاوە بوو، بە خوێندنەوەمان بۆ هێزی کوردی و بە ئامادەییمان و بەرنامە و پلانمان بۆ هەموو ئەگەرەکانی داهاتوو ئازادی کورد و کوردستان بۆ هەمیشە مسۆگەر بکەین.