کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خوێندکارانی زانکۆ لە خۆپیشاندان و شۆڕش دژی ڕێژیمی سەرەڕۆی ئێران بەردەوامن

10:15 - 8 خەزەڵوەر 2722

سەرەڕای سەرکوت و تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕێژیم، خوێندکارانی زانکو لە هەموو شارەکانی ئێران بەتایبەتی زانکۆکانی کوردستان، درێژە بە خۆپیشاندانەکان دەدەن.

ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکانی خوێندکارانی زانکۆ لە شارەکانی ئێران لە بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە ٧ی خەزەڵوەرەوە و پاش ئەوەیکە شەوی هەینی خوێندکارانی زانکۆکان رووبەڕووی سەرکوتی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم بوونەوە زیاتر پەرەی سەندووە و بەدروشمی "شاهچراغ، ڕێکس نییە" بۆ پشتیوانی لە خوێندکارانی زانکۆی پزیشکیی "جێندی شاپوور"ی ئەهواز دەستیان دایە ناڕەزایەتییدەربینێکی گشتی و بوێرانە و ڕووبەڕووی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێران بوونەوە.

بەپێی زانیارییەکان هێرش بۆ سەر شاهچراغ، سێناریۆی سپای تێرۆریستیی پاسدارانی ڕێژیم بۆ بەلاڕێدابردنی شۆڕشە مەزنەکەی خەڵکی ئێران بوو؛ دەوترێت ئەو کەسەی کە هێرشی کردووەتە سەر خەڵکی بێتاوان لە شاهچراغ ئەندامی سپای پاسدارانی ئێرانە و بە فەرمانی بەرپرسانی سپای پاسداران هێرشی کردووەتە سەر ئەو خەڵکە. ڕێژیمی ئێران بەمجۆرە سێناریۆیانە دەیهەوێت سەرپۆش لەسەر جینایەت و کوشتنی خەڵکی ناڕازی و ڕاپەڕیوی ئێران دابنێ و خۆی بە قوربانیی هێرشی تێرۆریستی بناسێنێ.