کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمەڵێک هونەرمەندی ناسراوی ئێرانی پشتیوانییان لە ڕاپەڕینی خەڵکی ئێران کرد

10:39 - 8 خەزەڵوەر 2722

ڕۆژی شەممە ٧ی خەزەڵوەر، کۆمەڵێک هونەرمەندی ناسراوی ئێرانی بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک وێڕای پشتیوانی لە خۆپیشاندانی خەڵکی ئێران، داوایان لە وڵاتانی ڕۆژاوایی کرد کە دەنگی حەقخوازانەی خەڵکی ئێران بۆ لابردنی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران ببیستن.

ئەوان وێڕای دەربڕینی پشتیوانی لە خۆپیشاندەرانی ئێران و دەرەوەی ئێران، سەرکوتی خۆپیشاندەرانیان لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە مەحکووم کردووە.

بە وتەی ئەوان ڕاپەڕینی خەڵکی ئێران کە ژنان و لاوان ڕۆڵی کاریگەریان تێیدا هەیە، تەواوی جیهانی سەرسام کردووە و لە تەواوی جیهان دەنگی داوەتەوە.

ئەوان لە بەیاننامەکەی خۆیاندا داوایان لە هونەرمەندان، سینەماکاران، وەرزشکاران و چالاکانی مەدەنی لە نێوخۆ و دەرەوەی ئێران کردووە کە پشتیوانیی هەمەلایەنە لە خۆپیشاندانەکانی خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران بکەن.

واژۆکەرانی بەیاننامەکە هەروەها داوایان لە هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم کردووە کە چەکەکانیان دابنێن و بکەونە ڕیزی خۆپیشاندەرانەوە.