کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لاوانی بەهەڵوێستی مەهاباد لە خۆپیشاندان دژی ڕێژیمی ئێران بەردەوامن

11:22 - 8 خەزەڵوەر 2722

سەرەڕای دروستکردنی کەشێکی ئەمنییەتیی توند لەلایەن هێزەکانی ڕێژیم و مێلیتاریزەکرانی زۆربەی شەقام و گەڕەکەکانی شار، لاوانی شاری مەهاباد لە خۆپیشاندان دژی ڕێژیم بەردەوامن.

شەوی شەممە ٧ی خەزەڵوەر، وەکوو شەوانی ڕابردوو لە زۆربەی گەڕەکەکانی شار، لەوانە "پشەتەپ" و "باغی شایەگان" و چەندین شوێنی دیکەی مەهاباد خۆپیشاندان درێژەی هەبوو.

خۆپیشاندەران باس لەوە دەکەن کە هێزەکانی جێگیر لە کەڵانتەری ١٣ی گەڕەکی باغی شایەگان بە چەکی گەرم دەسڕێژ لە خەڵک دەکەن.

شەوی ڕابردوو هێزەکانی ڕێژیم بەرەوڕووی خەڵکی ناڕازی بوونەتەوە و شەڕ و دەرگیری ڕووی داوە و بە تەقەی هێزەکانی ڕێژیم چەندین خۆپیشاندەر بریندار کراون.

خۆپیشاندران هەروەها باس لەوە دەکەن کە هێزەکانی ڕێژیم بەرامبەر بە خەڵک دەست لە هیچ توندوتیژییەک ناپارێزن و بە چەکی کڵاشنیکۆف تەقە لە خەڵک دەکەن.

وێڕای خۆپیشاندانی لاوان، شەوی ڕابردوو لەسەر بڵیندگۆی زۆربەی مزگەوتەکانی شار، سروودی شۆڕشگێڕانە بڵاو کراوەتەوە.