کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەوی ڕابردوو هێزەکانی ڕێژیمی ئێران لە بۆکان هێرشیان کردە سەر چەندین گوندی ئەو شارە

12:11 - 8 خەزەڵوەر 2722

شەوی شەممە ٧ی خەزەڵوەر، هێزەکانی ڕێژیم لە شاری بۆکان هێرشیان کردە سەر گوندەکانی "وشتەپە"، "ناچیت" و "داشبەند" و زیانێکی ماددیی زۆریان بە خەڵکی ئەو گوندانە گەیاندووە.

هێزەکانی ڕێژیم پەلاماری ماشین و دووکان و ماڵی خەڵکی ئەو گوندانەیان داوە و شیشە و پەنجەرەی دووکانی خەڵکیان شکاندووە و لە خەڵکی ئەو گوندانەیان داوە و لاقی سێ کەسیان شکاندووە.

هەروەها بەیانی ڕۆژی شەممە ٧ی خەزەڵوەر هەر ئەو هێزانەی ڕێژیم هێرشیان کردبووە سەر قوتابخانەی ئەو سێ گوندە و قوتابییان و مامۆستایانی ئەو قوتابخانانەیان دابووە بەر پەلامار بەهۆی ئەوەی کە لەسەر ڕێگای ترانزیتی میاندواو ـ بۆکان  ئاگریان هەڵکردبوو و دروشمیان دژی ڕیژیم دابوو و خەڵکی دیکەش لە دەوری ئاگر کۆ ببوونەوە و دروشمەکانی دژی دیکتاتۆر و ژن، ژیان، ئازادییان بەرز کردبووەوە.

لە ئێستادا بەشێکی زۆر لە خەڵکی ئەو سێ گوندە ئاوارە بوونە و زیانێکی مادی زۆریان وێکەوتووە.