کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دۆخی یەکێک لە بریندارەکانی خۆپیشاندانەکەی مەهاباد نالەبارە

12:42 - 8 خەزەڵوەر 2722

ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٥ی خەزەڵوەر، پاش بە خاکسپاردنی تەرمی "ئیسماعیل مەولوودی" خۆپێشاندانێکی بەرین لە مەهاباد بەڕێوە چوو.

لە ئاکامی ئەم خۆپیشاندانەدا لە نێوان خەڵک و هێزەکانی ڕێژیم شەڕ و تێکهەڵچوون ڕووی دا کە بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی تاران ژمارەیەک هاووڵاتی کوژران و بریندار بوون.

"سەلاح قادری" ناسراو بە سەلاح زەنجیری کوڕی "عەبدوڵڵا" یەکێک لەو کەسانە بوو کە لەو خۆپیشاندانانەدا بە چەکی ژ٣ بریندار کرا و دۆخی تەندروستیی ناوبراو لە ئێستادا نالەبارە.

ئەو هاووڵاتییە لە گۆڕەپانی "ئیستقلال" و "فەلەکەی شۆڕش"، کراوەتە ئامانجی گوللـەی ژ٣ی هێزە تێرۆریستییەکانی ڕێژیم و ئێستا لە بارودۆخێکی نالەباردا ژیان بەسەر دەبات.

ئەوانەی کە تەقەیان لەو هاووڵاتییە کردبوو، لە هێزە سەرکوتکەرەکانی بەسیج یا ئەندامانی سپای پاسداران بوونە.

ڕێژەی برینداربووانی شاری مەهاباد زۆرن، بەپێی زانیارییەکان زیاتر لە ٢٠ کەس برینی قورسییان هەیە و دەیان کەس لەو بریندارانە لە ماڵەکاندا، پێڕاگەیشتنی پزیشکییان بۆ ئەنجام دەدرێت.

 هاووڵاتییان باس لەوە دەکەن کە هێزەکانی ڕێژیم لەو خۆپیشاندانانەدا جگە لە چەکی ساچمەیی لە چەکی کلاشینکۆف و چەکی ژ٣ کە چەکی ڕێکخراوەیی ‌هێزەکانی ڕێژیمی ئێرانن، کەڵکیان وەرگرتووە.

"سەلاح قادری" باوکی دوو منداڵە و هەنووکە لە نەخۆشخانەی "خومەینی"ی شاری مەهاباد، لە بەشی چاوەدێریی تایبەتدایە.