خۆپیشاندان لە زانکۆکانی ئێران دەستیان پێ کردوە.
دوای پەلاماری دڕندانەی هێزەکانی ڕێژیم بۆ سەر زانکۆی سەنعەتیی شەریف و بۆ نارەزایەتیدەربڕین بەو جینایەتە خۆپیشاندانەکان لە چەند زانکۆیەکی ئێران و کوردستان دەستیان پێ کردوە.
خوێندکارانی زانکۆکانی ئازادی تاران، فێردەوسیی مەشهەد، ئیسفەهان، ڕازی کرماشان، ئەمیرکەبیر، سەنعەتی ئیسفەهان و سمنان پێشەنگی خۆپیشاندان و مانگرتنی سەرانسەریی خوێندکارانی زانکۆکانی ئێرانن.
لە بەردەوامیی خۆپیشاندانەکان لە سەر شەقام و لە زانکۆکان لە ئێران، ئەنجوومەنی هاوئاهەنگی ڕێکخراوە هاوپیشەکانی فەرهەنگییانی ئێران لە بەیاننامەیەکدا داوای لە مامۆستایان و قوتابیان کردوە سبەی سێشەممە مان بگرن و نەچنە هۆڵەکانی خوێندن.
لە بەشێکی بەیاننامەی ئەو ئەنجوومەنەدا بە ئاماژە بە ڕووداوەکانی زانکۆی سەنعەتیی شەریف هاتووە، کە دەسەڵات ئەمجارەش لەبری وەڵامی مەنتیقی و ژیرانە، توندوتیژی گرتەبەر و بەداخەوە تا ئێستا زیاتر لە ١٠٠ کەس لە خەڵکی ئێران کوژراون و هەزاران کچ و کوڕ بریندارن و دەستگیرکراون.