کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی خۆپیشاندانەکانی کوردستان و ئێران بە دژی ڕێژیم

14:46 - 8 خەزەڵوەر 2722

لە درێژەی چڕبوونەوەی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکان بە دژی ڕێژیمی ئێران، لە زۆربەی شارەکانی کوردستان و ئێران خەڵک هاتوونەتە سەر شەقامەکان و لەگەڵ هێزەکانی ڕێژیم وەکوو هەمیشە، تووشی شەڕ و دەرگیری نابەرامبەر بوونەتەوە.

شەوی ڕابردوو ٧ی ڕەزبەر، خەڵکی شاری "پیرانشار" بۆ یادی چلەی "زەکەریا خەیاڵ" هاتنە سەر شەقامەکان و لەبەر دەرگای ماڵی "کەماڵ حوسێن پوور" بەناو نوێنەری "سەردەشت ـ پیرانشار" خۆپیشاندانیان بەڕێوە برد و لە ئاکامدا لەلایەن دەستوپێوەندی و هێزەکانی ڕێژیم و بە تەقەی ڕاستەوخۆی چەکی کڵاش وڵامی داخوازیی خۆپیشاندەران درایەوە.

بەپێی زانیارییەکانی خەڵکی ئەو شارە چەند کەس شەهید بوون کە یەکیان منداڵێکی ٨ ساڵانەیە.

لە شارەکانی دیکەی کوردستانیش وەکوو بانە، سەقز، مەهاباد، بۆکان، سنە، میاندواو و زۆربەی شارەکانی دیکەش خۆپیشاندان و شەڕ و تێکهەڵچوونی نابەرامبەر لەگەڵ هێزە سەرکوتکەر و تێرۆریستییەکانی ڕێژیم لە ئارادا بووە.

لە شارەکانی ئێران وەکوو هەمەدان، تاران، مەشهەد، بەندەرعەباس، گیلان، مەراغە و زۆربەی شارەکانی دیکە وێڕای خەڵکی کوردستان ڕژانە سەر شەقامەکان و دژی ڕێژیمی ئاخوندیی ئێران خۆپیشاندانیان بەڕێوە بردووە.