کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاپەڕینی قوتابییان لە قوتابخانەی شارەکانی کوردستان هەروا بەردەوامە

19:19 - 8 خەزەڵوەر 2722

ئەمڕۆ یەکشەممە ٨ی خەزەڵوەر، قوتابییانی قوتابخانەکان لە چەندین شاری کوردستان لە خۆپیشاندانی خۆیان بەردەوام بوون.

قوتابییان لە کوردستان لە شارەکانی سنە، سەقز، مەریوان، پیرانشار و چەندین شوێنی دیکە خۆپیشاندانیان بەڕێوە برد و بە کردنەوەی ئاگر لە هەرێمی قوتابخانەکان و نێوشار و دانی دروشم ناڕەزایەتیی خۆیان نیشان دا. 

قوتابییان لە شاری سنە لە زۆربەی قوتابخانەکان لەوانە قوتابخانەی "نمەکی" و چەندین شوێنی دیکە و هەروەها لە نێو شاری سنەش دەستیان دایە خۆپیشاندان و ئاگریان کردەوە و دژی ڕێژیم دروشمیان دا.

لە سەقز لە چەندین قوتابخانەی شار، خوێندکاران و قوتابییان لە هەرێمی قوتابخانەکان و لەنێو شار دەستیان دایە خۆپیشاندان و بە دانی دروشم دەنگی ناڕەزایەتیی خۆیان بە گوێی هەموو لایەک گەیاند.

لە مەریوان، قوتابییانی قوتابخانەکانی دواناوەندیی شار، ئەمڕۆ یەکشەممە ڕژانە سەر شەقامەکانی شار و بە دانی دروشم دژی ڕێژیمی داگیرکەری ئێران خۆپیشاندانیان بەڕێوە برد و دەنگی ناڕەزایەتییان بەرز کردەوە.

هەروەها لە پیرانشار قوتابییان بەتایبەت قوتابییانی کچ، هاوشان لەگەڵ خەڵکی ناڕازیی شار لەسەر شەقامەکانی شار ڕێپێوانیان بەڕێوە برد و دروشمیان دا و بەو جۆرە ناڕەزایەتیی خۆیان دژ بە ڕیژیمی ئێران نیشان دا.