کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕیژیم لە هێرشکردن بۆ سەر خوێندکارانی زانکۆی کوردستان و شارەکانی ئێران بەردەوامە

19:22 - 8 خەزەڵوەر 2722

ئەمڕۆ یەکشەممە ٨ی خەزەڵوەری ١٤٠١ی هەتاوی، هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیمی ئێران هەڵیانکوتاوەتە سەر زانکۆی کوردستان لە "سنە" و بە چەکی ساچمەیی هێرشیان کردووەتە سەر خوێندکارانی ناڕازی و کۆمەڵێکیان لێ بریندار کردوون.

هێزەکانی ڕێژیم گازی فرمێسکڕێژیان خستووەتە دەورووبەری زانکۆ و ئێستاش زانکۆ لە گەمارۆی دامەزراوە ئەمنییەتییەکاندایە.

لەلایەکی دیکەوە خوێندکارانی زانکۆی "تەورێز" لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە گازی بیبەر هێرشیان کراوەتە سەر، کۆمەڵێک لە خویندکاران دەسبەسەر کراون و زانکۆ بەتەواوەتی لە ژێر گەمارۆی ئەو هێزانەدایە.

بەسیجی زانکۆی ئازادی باکووری تاران، بە بەرد کەتوونەتە گیانی خوێندکاران و برینداریان کردوون، هاوکات هێزە ئەمنییەکان زانکۆیان خستووەتە ژێر هێزی خۆیان و بە گازی فرمێسکڕێژ زانکۆیان کوتاوە.

لەو پەیوەندییەدا خوێندکارانی شارەکانی "بابۆل، ئیسلامشەهر، ئەهواز" و زۆربەی شارەکانی دیکە دەستیان داوەتە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی و لەلایەن هێزەکانی ڕێژیم سەرکوت کراون.