کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپیشاندانەکان لە شارەکانی کوردستان بە دژی ڕێژیم بەردەوامن

11:15 - 9 خەزەڵوەر 2722

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، هێزە تێرۆریستییەکانی ڕێژیم لە شاری "سنە"،  کۆمەڵێک خوێندکاریان بریندار کردوون.بەپێی زانیارییەکان ئیتێرنێت لەو شارە پچڕاوە؛ لە چەند شوێنی شار خۆپیشاندان بەردەوامە و ڕێژیم هێزێکی زۆری ناردووەتە "سنە" بۆ سەرکوتی خۆپیشاندەران.

لەلایەکی دیکەوە لە شاری "ئابدانانـ"ـی سەر بە ئیلام، هێزەکانی ڕێژیم بە تەقەی ڕاستەوخۆ هێرشیان کردووەتە سەر خۆپیشاندەران.

شەوی ڕابردوو لە شاری "پیرانشار"یش هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم هێرشیان کردووەتە سەر خۆپیشاندەران؛ لە ئاکامی ئەم هێرشەدا مێرمنداڵێکی تەمەن ١٦ ساڵ، بە ناوی "کۆمار دەرئۆفتادە" شەهید بووە.

لە شاری "مەهاباد" خۆپیشاندەران لە گەڕەکەکانی "بەری شیلانان و شەقامی مەنبەع" دیواریان بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هێزەکانی ڕێژیم وەکوو سەنگەر ساز کردووە و دروشمی "بژی حیزبی دێموکراتیان" وتووەتەوە.

لە شارەکانی "سەردەشت و بۆکان" و شارەکانی دیکەش خۆپیشاندان بە شێوەی جیاواز بە دژی ڕێژیم بەردەوام بووە.