کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوژران و برینداربوونی ٤ ئەندامی سپای تێرۆریستیی پاسدران لە بەلووچستان

11:50 - 9 خەزەڵوەر 2722

ڕۆژی یەکشەممە ٨ی خەزەڵوەر، ماشێنێکی سپای تێرۆریستیی پاسدارانی ڕێژیم لە گوندی "خێرئاباد"ی شاری "پەهرە" سەر بە پاریزگای سیستان و بەلووچستان لەلایەن کەسانێکی نەناسراوەوە هێرشی کرایە سەر و لە ئاکامدا چوار کەس کوژران و بریندار بوون.

بەپێی هەواڵی کاناڵی "ڕەسەد"ی بەلووچستان کە کاناڵێکی دژبەری ڕێژیمی ئێرانە، لەو دەرگیرییەدا "موحسێن ڕەزایی" بە پلەی ستوانی کوژراوە و سێ ئەندامی دیکەی سپای پاسداران بریندار کراون.

ڕۆژانە شەڕ و دەرگیری لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە شار و گوندەکانی ئەو پارێزگایەدا دێتە ئاراوە و هەتا ئێستا بە دەیان کەس لە هێزەکانی ڕێژیم لەو دەرگیرییانەدا کوژراون و بریندار کراون.

خۆپیشاندانی هاووڵاتییان لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان قۆناغێکی نوێی بەخۆوە گرتووە و لە ئێستادا "ژنان، پیاوان و منداڵان" بەگشتی لە شەقامەکاندا بوونیان هەیە و دژی ڕێژیم خۆپیشاندان بەڕێوە دەبەن.