لە درێژەی ٤٦ ڕۆژەی خۆپیشاندانەکان بە نیشانەی مەحکوومکردنی کوشتنی "ژینا ئەمینی" لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە، خوێندکاران لە زۆربەی شارەکانی ئێران، وێڕای چین و تویژە جیاوازەکانی دیکە ناڕەزایەتیی خۆیان بە شێوەی جیاواز دەربڕیوە.
خوێندکارانی زانکۆکانی "ئەدەبیاتی بێهێشتی، ئازادی تاران، عیلم و فەرهەنگ، ئابووریی عەلامە تەباتەبایی و ئەلزەهرا" لە ناڕەزایەتی بە سەرکوتی بەربڵاوی خوێندکاران و هەڵپەساردنی نایاسایی کۆمەڵێکی زۆر لە خوێندکاران، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە بردووە. خوێندکارانی "ئەلزەهرا" لەو ناڕەزایەتییەدا لەسەر پلاکارد دروشمی "خوێندکار هەڵپەسێرن، زانکۆ دادەخەین"ـیان نووسیووە.
خوێندکارانی ئەو زانکۆیانە و زۆربەی زانکۆکانی دیکە، لە بەیانییەی جیاجیادا بە نیشانەی ناڕەزایەتی بە سەرکوتی توندوتیژانەی خوێندکاران مانیان گرتووە و وتوویانە ناچینەوە بۆ زانکۆ.
خوێندکارانی زانکۆی "لوڕستان" لە ناڕەزایەتی بەو دۆخە شڵەژاوەی زانکۆکان و ئێران بەگشتی، دەستیان بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" کردووە کە لە ئاکامدا چەند خوێندکار دەسبەسەر و کۆمەڵێکیش لەلایەن بەسیج و لیباس شەخسییەکانەوە بریندار و ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون.
لەگەڵ ئەو خوێندکارانە زۆربەی خوێندکاری زانکۆی شارەکانی دیکەش دەستیان بە ناڕەزایەتی و مانگرتن کردووە.