کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

د. فەراز فیرووزی: ڕێژیمی ئێران لە کوردستان و ئێراندا تاوانی دژی مرۆڤایەتی دەخولقێنێت

00:16 - 10 خەزەڵوەر 2722

هەڤپەیڤین: کاروان مێراوی

بەرایی:

ڕاپەڕینی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نزیک بە دوو مانگ بووەتەوە و قۆناغێکی نوێی تێپەڕ دەکات کە شرۆڤەکارانی سیاسی پێیان وایە کە لە چوارچێوەی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان تێپەڕ بووە و چووەتە قۆناغی شۆڕشە و بەم هۆکارەشەوە بە شۆڕشی نوێی نەتەوەکانی ئێرانی لەقەڵەم دەدەن. لە ماوەی ئەم دوو مانگەشدا ڕێژیمی ئێران لە کوردستان و بەلووچستان بە چەکی نیوەقورس و گوللە شەڕ کۆمەڵێک تاوانی دژی مرۆڤایەتی خولقاندووە، کە دەکرێت ئەم تاوان و جینایەتانەی ئەو ڕێژیمە لە کوردستان بە درێژەی فتوای خومەینیی جەلاد لە ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی بە دژی نەتەوەی کورد ئەژمار بکرێت.

ماڵپەڕی "کوردستان میدیا" لەسەر ئەم پرسە و  لە بواری یاسایی و کۆنڤانسیۆنە نێونەتەوەیییەکانەوە، هەڤپەیڤینێکی لەگەڵ د. فەراز فیرووزی، مافناس و توێژەری یاسا و هەروەها ڕاوێژکاری یاساییی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو پێک هێناوە.

بەڕێز فیرووزی سەرەتا سپاس بۆ ئەوەی کە لەم وتووێژەدا هاوکارمان بوون. باسەکەمان بەم پرسیارەوە دەست پێ بکەین؛ بەڕیزتان ئەم ڕاپەڕین و ناڕەزایەتییانەی خەڵکی کوردستان و ئێران بەگشتی چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

لەڕاستیدا ئەو شتەی کە من ئەیبینم وەک خۆم، وەکوو کەسێک کە ساڵانێکە لە ئێران مامۆستای زانکۆ بووم لە بەشی یاسا و لە ڕێکخراوێکدا کارم کردووە کە پێوەندیی بە دەزگای دادی ئێران بوو واتە ڕێکخراوی بازڕەسی گشتیی وڵات، بە ئیستڵاح فارسییەکەی ئەوەی کە ئەیبینم، جورێک لە پوختەگیی سیاسییە، شێوازێک لە تێگەیشتنی کامڵی سیاسییە کە خەڵک و بەتایبەت لە کوردستاندا سەبارەت بە حاکمییەت و دەسەڵات سیاسیی ڕێژیمی ئیسلامی هەیانە. ئەوەی کە هەموو چینەکان بەبێ جیاوازی یەکیان گرتووە، وەکوو زنجیرێک هەر لە سەندیکای مامۆستایانەوە بگرە تاکوو تاکوو ژنان و ... لە بەشی ئابوورییەوە بگرە هتد، تەنانەت دەبینین بۆ یەکەم جارە کە مافی منداڵان دێتە ئاراوە، هەموو قوتابخانەکان و قوتابییەکان ڕژانە سەرشەقام و ئەمە دەبێت زۆریش لەبەرچاو بێت، چونکە ئەمە تایبەتییەکی زۆر بێوێنەی بەم جووڵانەوە و بزووتنەوەیە دەبەخشێت کە بەڕاستی لە خۆ پێشاندانەکاندا جگە لەو دروشمانەی کە ئەدرێت، جگە لە جووڵە فیزیکییەکان، جۆرێک عونسوری مەعنەوی کە تێگەیشتنە لە ئەوەی کە تێگەیشتوویییەکی سیاسییە لە پشت جووڵانەوەکەوە هەیە. ئەمە بە ڕای من ناهێڵێت بەم زوویییە ئەم ڕاپەڕینە کپ بکرێت. با بڵێین ئاکامی نەبێت، بەڵام وەکوو جووڵانەوەکانی دیکە نییە کە بەس بۆ بێنزین یان شتێکی تری هاوشێوە بوو، جووڵانەوەی ئەم جارە هەموو شتێکی لە خۆیدا کۆ کردووەتەوە و ئەم بەم هۆیەشەوە ئەم جووڵانەوەیە زۆر بەخێرا دەچێتە بێشەوە.  

لە ڕووی یاسایی و کۆنڤانسیۆنە نێونەتەوەیی و نێودەوڵەتییەکان و هەڵسوکەوتی ڕێژیمی ئێرانەوە چۆنی هەڵسەنگاندنی بۆ دەکەن؟

سەبارەت بەم پرسیارە کە باری یاساییی بابەتەکەیە کە من زۆرم لەسەری نووسیوە و کارم لەسەر کردووە، ئەوەیە کە لەڕاستیدا ڕێژیمی ئێران هەموو ئەو پێبەندبوونانە و بەگشتی ئەوەی کە دەروەستیی هەیە بە کۆنڤانسیۆنەکان، وەکوو کۆنڤانسیۆنی مافی مەدەنی و سیاسیی ١٩٦٦ یۆئێن، کۆنڤانسیۆنی ئابووری و کۆمەڵایەتیی ١٩٦٦ کە ئەویش هەر یوئێن، کۆنڤانسیۆنی مافی منداڵان کە ئێران پەسەند و واژۆی کردووە و هەموو ئەو کۆنڤانسیۆنانە و بڕێک لە کۆنڤانسیۆنەکان کە پێوەندی بە ڕێکخراوی جیهانی کارە کە هەمووی پێشێل کردووە. خۆپێشاندان مافێکی بنەڕەتییە کە لە گشت کۆنڤانسیۆنەکاندا ئاماژەی پێ کراوە و ئێرانیش پەسەندی کردووە و تەنانەت لەو یاسا ناتەواوەشەوە کە لە ئێراندا هەیە، ئەو یاسا بنەڕەتییە ئەمە پێشبینی کردووە و بەتایبەت لە بەندی ٢٧دا کە پێشبینی کراوە لە ئەو بەندە، ئەوەندە گشتی و ناڕوون لە بابەتەکە قسەی کردووە و جێی دەستی کراوە هێشتەوە کە شرۆڤەگەلێکی جۆراوجۆری لێ‌ ئەدرێت و ئەو مافە پێشێل دەکردرێت. لەو بەندەدا تەنیا پیشبێنی ئەوە کراوە کە ئەگەر دژبەری ئیسلام نەبێت و چەکی لەگەڵ نەبێت، تەنانەت مۆڵەتی ناوێت. واتە بەپێی ڕەوایی (مشڕووعییەت) موزاکراتە کە ئەیبینن لەو کاتەدا بلیمەتەکانی یاسای بنەڕەتی بەناو لەسەر ئەو بابەتە کە قسەیان کردووە و چوار _ پێنج لاپەڕەی ڕەوای دانوستانەکە تۆمار کراوە و هەیە. تەنانەت مۆڵەتی فەرمیشی ناوێت، هەر ئەوەی کە ئەو دوو شەرتەی لێ ‌دەرکەن، چەکی پێی نەبێت و دژبەری ئیسلام نەبێت، هەموو کەس دەتوانێت خۆپێشاندان بکات. ئەمە لە بواری یاسای نێوخۆ کە بە تەواوەتی پێشێل دەکردرێت و هیچ ڕێزێک بۆ یاسای خۆشیان دانانێن. لە بواری نێونەتەوەیییەکەیەوە کە ئێران بەپێی یاسای مەدەنیی خۆی دەروەستی هەیە، بە ڕەچاوی ئەو کۆنڤانسیۆنە بە تەواوەتی ئەو کۆنڤانسیۆنە پێشێل دەکرێت. زۆر ڕیپۆڕت کراوە لەسەر ئەو بابەتەکە و تا ئەو جێگەیە کە بەرچاو و ئامارەکان دەبینین ئەوەیە کە دەتوانین بە سراحەت بێژین لە کەیسی شارە کوردەکان لە کوردستاندا و بەتایبەت لە سەقز و شنۆ و ورمێ و سنە بە شێوازێکی زۆر دڕندانە لەگەڵ خەڵک هەڵسوکەوت دەکەن و لە بواری یاسای نێودەوڵەتی و یاسای مافی مرۆڤەوە دەتوانێت تاوانی دژە مرۆڤ بە ئەژمار بێت، تەواو بێت و دادگاکەر بێنن. واتە سەڵاحییەتی پێڕاگەیشتنیان هەیە و زۆر لە دادگا نیشتمانییەکاندا وەکوو دادگای ئەڵمان، سوید،سوئیس و بلژیک یاسایەک هاتووەتە نێو دەسەڵاتی دادوەرییەکەیان ئەو مافە دەدات کە ئەگەر کەسێک لەو پیشە کاریان کردووە، بۆ نموونە سەرانی بان، فەرماندە باڵا سەربازییەکان بێنە ناو خاکی یەکیەتیی ئورووپا بۆیان فەرمانی دەستبەسەرکردن دەر بکەن و پەروەندەکە بە شیوەیەکی کەیفەری بخرێتە بەرباس. ئەمە لە بوار یاسایییەکەیەوە کە ڕەنگە لە پرسیارەکانی تریشدا تۆزێ لەسەری ڕیزتر بمەوە.

وێڕای ئەوەی کە خەڵکی کوردستان و ئێران بە شێوەیەکی هێمنانە و ئاسایی داوای مافی سەرەتاییی خۆیان دەکەن، بەڵام ڕێژیم یەکلایەنە بە دژی خەڵک و بەتایبەت لە کوردستان و بەلووچستاندا شەڕی ڕاگەیاندووە و لە جۆرەکانی چەک بۆ سەرکوتی خەڵک کەڵک وەردەگرێت. ئەو پەلامارە دڕندانەی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بۆ سەر خەڵکی ڕاپەڕیو بە تاوانی دژی مرۆڤایەتی ئەژمار دەکرێن یان تاوانی شەڕ؟ هەروەها جیاوازیی نێوان ئەو دوو تاوانە لە چیدایە؟

لەبارەی پرسیارە من لە بابەتێکدا ئەوەم شی کردووەتەوە و بە وردی شرۆڤەم کردووە و لێرەشدا دووپاتی دەکەمەوە. کاتێک ئەوترێت تاوانی دژە مرۆڤ جیاوازیی لەگەڵ تاوان لە کاتی شەڕ یان جینایەتی شەڕ چییە، پێوەندییەکە ئەوەیە کە تاوانی کاتی شەڕ تایبەتە بە دەورانی ئەو شەڕە چەکدارییەیە کە ڕەنگە ناوخۆیی بێت یان شەڕ و تێکهەڵچوونێکی نێودەوڵەتی بێت لە نێوان دوو وڵاتدا. لە شەڕ و تێکهەڵچوونی ناوخۆییدا لەوانەیە بۆ نموونە گرووپێک یان حیزبێک یان جووڵانەوەیەک لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندی دەست بە شەڕی چەکداری بکات، ئەمە تێکهەڵچوونێکی ناوخۆیییە. ئەو جۆرەکەی دیکە پێوەندیی نێوان دوو دەوڵەتە کە بە شەڕێکی نێوان دوو دەوڵەت ئەژمار دەکرێت، بۆ نموونە وەکوو دەوڵەتانی ئێران و عێراق. چۆن شەڕ لە یاسای نێودەوڵەتیدا بەداخەوە تاکوو ئێستاش ناڕەوا ڕانەگەیەندراوە و شەڕ بوونی هەیە. بەڵام تا ئەو جێگەیەی کە بۆیان کراوە لە یاسای نێودەوڵەتیدا سنوورداریان کردووەتەوە بۆ ئەوەی کە زۆر تاوان و جینایەتەکە بەربڵاوتر و گەورەتر نەبێت. ئەو شتانە باسگەلێکیان بۆی گونجاندووە وەکوو مافی مرۆڤدۆستانە کە جیاوازە لە مافی مرۆڤ. ئەو مافی مرۆڤدۆستانە تایبەتە بە کاتی شەڕ وەکوو قەدەغەبوونی چەکی قەدەغەکراو، چەکگەلێک کە هێزی تەقینەوە و کاولکارییەکی یەکجار زۆری هەیە و نابێت لە جێگەیەک لە خەڵکی سڤیلی زۆری لێیە بەکار بهێندرێت. بۆ نموونە ئەمە تاوانێکی شەڕە. یان بۆ نموونە هێرشکردنی هێزێکی سەربازی بۆ سەر کۆمەڵێکی زۆر و بە تەواوەتی سڤیل وەکوو نموونە دەتوانین جۆرێک لە جۆرەکان هێرشی مووشەکی و دڕۆنیی ئەم ماوەیە کە ڕێژیمی ئێران کردی بۆ سەر کەمپی ڕۆژهەڵاتییەکان لە باشووری کوردستان، ئەمە بە جینایەتی شەڕ یان جینایەتی کاتی شەڕ ئەژمار بکرێت، چون بە تەواوەتی شەڕێک دەستی پێ کردووە و هەر کەسێکیش شەڕەکە دەست پێ دەکات، دەبێت و ناچارە کە ڕایگەیەنێت لەو کاتەدا مافی مرۆڤدۆستانە دێتە ئاراوە، چون کاتێکی تایبەت بە شەڕە. هەر چەند کە ئێران هیچ کام لەمانە تەنانەت لە هێرش بۆ سەر فڕۆکە مەدەنییەکە کە ئەو مووشەکانەی ئامادە کردبوو بەرەو عێراق، ئەمەی ڕانەگەیاندبوو کە کاتی شەڕە و دەبێت مافی مرۆڤدۆستانە ڕەچاو بکرێت و لە فڕۆکەی مەدەنی و موسافرهەڵگرەکەی دا.

ئێستە بێینەوە سەر تاوانی دژە مرۆڤ، تاوانی دژە مرۆڤ تایبەت بە دەورانی ئاسایش و ئاشتی لە کاتێکدا کە هیچ شەڕێک لە ئارادا نییە و ئەو دەوڵەتە ناچارە بە تەواوەتی یاسا و بەندەکانی مافی مرۆڤ، ئازادیی ڕادەربڕین، مافی ژیان، ئەشکەنجەنەدانی خەڵک، دەستپێراگەیشتن بە پارێزەر لە کاتی دادگاییکردندا کە هەمووی ئەمانە دەبێت ڕەچاو بکرێت. بەڵام کاتێک کە سەیر دەکەین لە سەرەتای خۆپێشاندانەکان و لە دوای بەخاکسپاردنی ژینا لە سەقزەوە دەستی پێ کرد، دەبینین بە شێوازێکی دڕندانە لەگەڵ خەڵکدا هەڵسوکەوت دەکرێت و بە شێوازێکی زۆرەملێ ئەمانە دەستبەسەر دەکرێن و ئەوانە هەمووی جینایەتە و دەچێتە بواری جینایەتی دژی مرۆڤایەتییەوە. پێم خۆشە جەخت لەسەر ئەوە بکەمەوە کە ئێمە بۆ جەختمان لەسەر ئەوەیە کە لەنیوان ئەم جینایەتانە (جینایەتی شەڕ و جینایەت دژی مرۆڤ) جیاوازیی دابنین. ئەگەر لە بوارە یاسایییەکەیەوە ئێمە بە جینایەتی شەڕی ئەژمار بکەین، زۆر لە شتەکان دەتوانین نکۆڵی لێ ‌بکەین یان سزای (موجازات) تاوانی کەمتر بەسەر ئەو تاکە دەسەپێندرێت، بەڵام لە جینایەتی دژی مرۆڤایەتیدا کە بەهێزترە لە بواری یاسایی و دەوڵەتەکەدا لە کاتی ئاشتی و ئاسایشدا ناچار و ئەرکدارە پێبەندی بێت و ڕەچاوی بکات. بەو هەموو پیشێلکاریگەلە سزا و موجازاتێکی قورستر بەسەر ئەو تاوانبارە ئەسەپێت، لەبەر ئەوە زۆر زۆر گرینگە کە تەنانەت لە نووسینی ژورناڵیستەکاندا بەو بابەتە سەرەنج بدەن و بەرچاو بێت کە ئەم جینایەتە لەم کاتەدا کۆماری ئیسلامی لە شارەکانی کوردستان و لە شارەکانی دیکەی ئێران دەیکات، جینایەتی دژی مرۆڤایەتی یان تاوانی دژە مرۆڤە و تاوانی کاتی شەڕ یا جینایەتی شەڕ نییە. ئاماژە بەمەش بکەم کە لە بواری یاسایییەوە ببەستین؛ ئەگەر ئێران بەپێی ماددەی چواری کۆنڤانسیۆنی مەدەنی و سیاسی ڕایگەیاندبا کە لە بواری بارودۆخی نائاسایی من پێبەندی بڕێک لە کۆنڤانسیۆنەکان نابم، بارودۆخەکە نائاسایییە و ناتوانم، دیسان دەمانتوانی لەسەر جینایەتی شەڕ قسە بکەین. بەڵام ئێران لەبەر ئەوەی کە ڕاینەگەیەنێت بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، هیچ کێشەیەک نییە لەو مافە کە هەیەتی ماددەی چواری ئەم کۆنڤانسیۆنە کە هەڵیدەپەسێرێت، بڕێک لە ماددەکان ئەم کۆنڤانسیۆنە چۆن کاتی شەڕە هیچ لەسەر هیچ نییە، ئێران تا ئەو کاتە ئەوەشی ڕانەگەیاندووە. کەوابوو هەموو بەڵێنەکانی هەیە و چونکە پێشێلیان دەکات، تاوانی دژە مرۆڤ بەسەر ئەو کەسانە هەیە، هەم فەرماندەکان و ژێردەستەکانیان و تەنانەت لە دادگا ئورووپایییەکاندا دەکرێت بەدواداچوونی بۆ بکرێت.

ئەو تاوانانەی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم چ لێکەوتەگەلێکی نەرێنیی نێودەوڵەتی بۆ ڕێژیم لێ دەکەوێتەوە؟

بەداخەوە ئەو جۆرەی کە یاسای ناوخۆی هەر وڵاتێک هێزی یاسایی هەیە، هێزی بەڕێوەبەریی هەیە، بەداخەوە یاسای نێودەوڵەتی ئەو هێزەی نییە و زۆر دەبینین کە پێشێل دەکرێت. بۆ نموونە دەبینین کە هێرشی ڕووسیە بۆ سەر ئۆکراین هەموو یاسا مرۆڤدۆستانەکان پێشێک دەکرێن، جینایەتی شەڕ و هەموو ئەو شتانە دەکرێت و تاکوو ئێستەش هەتا شۆرای ئەمنییەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان نەیتوانیوە لەسەری تەنانەت بڕیارنامەیەک بڵاو بکاتەوە. ئەمە لەو بوارەوە کە یاسای نێودەوڵەتی نیسبەت بە یاسای نێوخۆی وڵاتەکان زۆر زۆر لە بواری جێبەجێکردنەوە و هێزی کەمترە و تابعێکە لە سیاسەتی نێودەوڵەتی و بەداخەوە ئەوە ڕاستییە. بەڵام بە لە بەرچاوگرتن ئەمانەش زۆر ئاسارێکی نەرێنی بۆ ئێران بووە، ئەوی کە دەبینین ئێستە پیشنیار کراوە کە ڕەشنووسێک ئامادە بووبێ لەسەر ئەوەی کە ئێران ئەندامی کۆمیسینۆنی باڵای مەقامی ژنانە لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا کە وابزانم یەک ساڵە دەستی بەم کارە کردووە و ئەندامە. ئێستە ئەو درفتە و ئەو ڕەشنووسە ئامادە بووە کە دەربکرێت. ئەمە جۆرێک لە پرستیژی نێونەتەوەیی و نێودەوڵەتیی ئەو وڵاتە لەنێو دەبات، کەس حیساب ناکا لەسەر قسەی. لەولاوە دەبینین کە کانادا دەستی بە گەمارۆخستنە سەر ڕێژیمی ئێران کردووە و من زۆرتر لە گەمارۆکانی کانادا، گەمارۆکانی یەکیەتیی ئورووپا زۆر بەهێزتر دەبینم، چونکە هێزێکی جێبەجێکاریی هەیە وەکوو یاسا لە هەموو وڵاتە ئورووپایییەکاندا بەڕێوە دەچێت و ئاسەوارێکی ماڵی و سیاسیی یەکجار لەسەر کۆماری ئیسلامی هەیە، بە شێوازێکی قۆناغ بە قۆناغ دەچێتە بەرەوە و هەنگاو بە هەنگاو جێبەجێ دەبێت. ئەمە پارتی یەکی بووە واتە هەنگاوی یەکەم بووە کە دەست پێ دەکات و ئەمە بەڕاستی لە بواری ماڵییەوە دەست و باڵی ڕێژیم بە توندی دەبەستێت. دەزانم کە گەمارۆکان گوشارێکی زۆری خستووەتە سەریان، دەستیان بە ئەو سەرچاوەی ماڵییە نییە. لە بواری ئەرزییەوە بەهۆی ئەوەی کە لە پارێزراویی دیپلۆماتیک کەڵک وەردەگرن و دێن کاری ڕەش دەکەن، واتە لە بازاڕی ڕەشی ئەرزدا کەڵ وەردەگرن و بۆ کڕینەکانیان لە چەک و لە هەموو شتێک کەڵک وەردەگرن، بەڵام زۆر کاریگەری لەسەر ئەو مەسەلەیە هەیە. ئەو گەمارۆیانە کە کانادا ئێستە سەپاندوویەتی، یەکیەتیی ئورووپا سەپاندوویەتی و چەند وڵاتی تریش بە جیا خەریکن لەسەر ئەو بابەتە کار دەکەن.

ڕێژیمی ئاخوندیی ئێران لە کوردستان و بەلووچستان تاوانی زیاتر لە ناوچەکانی تری ئێران دەخوڵقێنیت و تەنانەت ڕەحم بە منداڵانیش ناکات و خەڵک کۆمەڵکوژ دەکات، پێتان وایە کاردانەوە جیهانییەکان لە بەرانبەر ئەو تاوانانەی ڕێژیم لە ئاستی پێویستدا بوون؟ (ئەگەر نە، بۆچی نە؟)

بەداخەوە ئەمە ڕاستییەکە، کە نەک لە بواری یاسای نێودەوڵەتییەوە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و زۆر سەرەنج بەمە نادات، هەر لە ناوخۆش وایە و هەر لە ناوخۆش ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانیش بە بیانووی ئەوەی کە ئەمانە ئەگەری هەیە (تەجزیە تەڵەبن) واتە جیاییخوازن. ئەم پرسە کە زۆر لەمێژە لە ئارادایە و دەبینین کە هەواڵەکان کوردستان و شارەکانی کوردستان یان بەلووچستان بەرچاو نییە، ئەوەندە ڕۆڵێکی گرینگ لە هەواڵەکانی ئێران نییە و بەداخەوە ئەوەش ڕاستییەکە کە زۆر پێویستە کە حیزبە کوردستانییەکان لەسەری کار بکەن، ڕێکخراوە کوردییەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە کوردستان کە ئەم پێشێلکارییە مافی مرۆڤە و تایبەتە ئەو عونسورە مەعنەوییە، تاوان -کە یەکێک لە ڕوکنەکان ئیرتکابی جورم یەکیان عونسور مەعنەوییە- ئەو عونسور مەعنەوییە کە لە کوردستان دەیبینین زۆر زۆر بەهێزترە ئەو ڕووداوە کە لە دەورەی فەتواکەی خومەینی بەرولادا هەیە لەسەر کوردستان، هەروا بەردەوام بەکار دەبرێت و لە بواری یاسایییەوە هەر لەژێر کاریگەریی ئەو فەتوایەدا ئەو دڕندەیییە چڕە زۆرتر لە کوردستان هەیە و ئەبینین لە بەلووچستانیش وا بووە. ئەو کۆمەڵەکەسە کە ژمارەیەکی بەرچاو لە زاهیدان کوژران، بەداخەوە ئەو ڕەنگدانەوە لە بواری یاسای نێودەوڵەتییەوە نەبوو و من لە تویتێر لەسەر ئەمانەشم نووسیبوون کە ئەوەندە بەرچاو و ڕەخنەیەکی زۆرم لێ‌ گرت لە کەسانێک کە لە لەو بوارەوە کارە دەکەن وەکوو ڕێپۆڕتێری تایبەتی مافی مرۆڤ بۆ ئێران، باسم ئەوە بوو کە لە ساڵی ٢٠١٢ی زایینییەوە لە گوندێک لە سووریە هێزە ئەمنییەتییەکان یەکجار ١٠٨ کەسیان کوشت واتە ڕێژەیەک وەکوو زاهیدان بە فەورییەت بەخێرا هەموو وڵاتەکان کۆ بوونەوە و تەواو وڵاتە ئورووپایییەکان لە زۆرتر و گرینگەکەیان ئاڵمان، فەڕانسە، ئیتالیا بوو و ئوسترالیا لەولا بوو کانادا و ئامریکا لە ئامریکا بوو، ئەمانە کۆ بوونەوە و بەیاننامەیەکی سیاسییان دا و بە خێرا باڵوێزی سووریەیان لە وڵاتەکانیان دەرکرد و دواییش قۆناغ بە قۆناغ کارێکیان کرد کە باڵوێزخانەکان بەستران و پێوەندیی دیپلۆماتیکیان تەک سووریەشدا پچڕاند کە تاکوو ئێستەش لە زۆر وڵاتەکاندا بەردوامە. بەداخەوە کە دەبینین ئەو چاوە کە لەبەر چاوگریا بۆ سووریە، لەسەر کەیسی ئێران جێبەجێ نابێت و پشت ئەمەوە بابەتێکی سیاسیی هەیە. من پێم وایە کە یەکیەتیی ئورووپا و ئەمریکا لەوە دەترسن کە دیسان شەپۆلێکی پەنابەر بەرەو بێتەوە لە ئێران بۆ ئورووپا و زۆر شتەکان لە بواری ئابوورییەوە دەبینن تاکوو مافی مرۆڤیتر و مرۆڤایەتیتر بابەتەکە سەیر کەن.

لایەنە سیاسییەکان و هەروەها ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤی کوردستان دەبێت چ ڕێکارێک بگرنە بەر بۆ ئەوەی کە ئەو تاوان و سەرکوتانەی ڕێژیم لەسەر خەڵک ڕابگیردرێت؟

من وەکوو خۆم، وەکوو پارێزەرێک کە تایبەتی لە بواری یاسای نێودەوڵەتی و مافی مرۆڤ کار دەکەم و ئێستاش لەگەڵ ڕێکخراوێکی بەناوبانگی کوردستان (ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو) لە مافی مرۆڤدا وەکوو ڕاوێژکار یارمەتییان دەدەم و کار دەکەم، بەردەوام ئێمە پێوەندیمان هەیە و لە ڕیپۆڕتەوە و بەدواداچوونەوە بگرە ... ڕیپۆڕتگەرێک کە بە شێوەی لێکۆڵینەوە لەسەر پرسەکە وەکوو چەکناسی، بۆ نموونە وەکوو ئەو چەکگەلە کە لەناو فیلمەکاندا بەڕوونی دیارن و بەکار هێراون، لەسەری کار دەکرێت و لە پسپۆڕی جیاواز بۆچوون وەردەگرین کە ئەم چەکە چ چەکێکە و چون ئەم چەکانە هەمووی بۆ کاتی خۆپێشاندان قەدەغە کراوە. لە یاسای نێودەوڵەتیدا زۆرتر لەسەر ئەو بابەتانە کار دەکەین و پێوەندییەکی یەکجار زۆرمان گرتووە لەگەڵ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کە لەسەر بابەتەکە لێکۆڵینەوە دەکەن. لەگەڵ چل ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتی و کوردستانی و نەتەوەکانی تر وەکوو بەلووچەکانو و تورکەکان بەیانییەکمان ڕوو بە لێژنەی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان پەسەند و واژۆ کرد کە سەبارە بەو جینایەتانە داخوازیی لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆمان کردووە و بەردەوامیش لەسەری کار دەکەین، لەسەر فیلمەکان کار دەکەین. ئەوەی کە وەک ڕێکخراوێکی سەربەخۆ بە پارەیەکی هیچەوە هەمووی ئێمە بە شێوەیەکی خۆبەخشانە و بۆخۆمان لەسەر بابەتەکان کار دەکەین، تاکوو ئێستا باش چووینە پێش و دەبینین ڕیپۆڕتەکانمان لە زۆربەی ئەو ڕۆژنامە بەناوبانگە نێودەوڵەتییە بڵاو کرانەتەوە و ڕیپۆڕتەکانمان سەرچاوەن لە نەتەوە یەکگرتووەکان و لە یەکیەتیی ئورووپا و لە زۆربەی بەیاننامەکان کە وزارەتی دەرەوەی وڵاتەکان بڵاوی دەکەنەوە، ڕیپۆڕتەکانی ئێمە هەیە و تاکوو ئەو جێگەیە کە بۆشمان بکرێت پلانێکمان هەیە لەسەر ئەوەی کە بتوانین لە بواری یاسیییەوە بە شێوەیەکی کردەوەیی بتوانین لەسەر پێشێل کارانی مافی مرۆڤ لە کوردستان و لە ئێرانیش سکاڵا تۆمار بکەین.

ڕێژیمی ئاخوندی وەک پیشەی هەمیشەییی خۆی لە هەر ئەگەرێک کە لە ئێرانی سیاسیدا هاتووەتە ئاراوە، سیناریۆیەک دادەتاشێت. ئەم جارەش سیناریۆی بەندیخانەی ئێڤینی داتاشی، پێتان وایە ئەم سیناریۆیە لە کۆمەڵگەی جیهانیدا لێکەوتەی جیاواز لە تاوانەکانی تر بۆ ڕێژیم لێی دەکەوێتەوە؟

سەبارەت بە بەندیخانەی ئێڤین، بەڕاستی بەندیخانەی ئێڤین یەکێک لە مەترسیدارترین بەندیخانەکانە کە لە کاتی حەمەڕەزا شادا دروست بووە و دەستپێڕاگەیشتن بەو بەندیخانەیە زۆر دژوار و ئەستەمە، واتە ئەو جۆرەی کە لە بواری ئاسایشی کۆنترۆڵ دەبێت، دەستپێراگەیشتن زۆر زۆر ئەستەمە و تاکوو ئەم کاتەش ڕیپۆڕتێکی سەربەخۆ لەسەر ئەو بەندیخانەیە نابینین. ئەبینین دەوڵەتی ئێران تاوێک لەسەر بابەتێک بە شێوازێک قسە دەکات و ئەوەی گرینگە هەر لەو بەیانییامەیەدا کە ئێمە بڵاومان کردووەتەوە و داوای لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ کراوە کە تاکوو ئێستا دەسەڵاتی ڕێژیمی ئیسلامی لە ئێران لەسەر کار بوو، یەک جار ڕیپۆڕتێری مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان توانیویەتی سەردانێکی بەندیخانەی ئێڤین بکات، "گالیندۆ پۆل" بوو و ئەو کاتە کە ئەویش بە شێوازێکی ناتەواو نەیتوانیوە ڕیپۆڕتێکی گونجاو لەسەر ئەو بەندیخانەیە بنووسێ و ئامادە بکات. ئەم بەندیخانەیە بۆ یاساناسەکان  و بۆ ئەو کەسەی کاری مافی مرۆڤی دەکا زۆر نەناسراوە. وا دیارە کە شۆڕشێک بووە و وا دیارە کە سەرهەڵدانێک بووە لەنێو بەندیخانەکە و بەتایبەت لەنێو بەندی سیاسییەکاندا کە لەنێوانیاندا لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان تێکهەڵچوون دروست بووە کە بەداخەوە لە چەکی قورس کەڵکیان وەر گرتووە و بڕێک تەقینەوە و شتیش بووە کە تاکوو ئێستە ڕاستییەکەی کەس ناتوانێت بە تەواوەتی لەسەری قسە بکات کە بە چ شێوازێک بووە، تەنانەت ڕێژەی کوژراوەکان و بریندارەکان تا ئەم کاتە نادیارە و ئەمە بەڕوونی تاوانی دژە مرۆڤە و هەموو کۆمەڵگەی مافی مرۆڤی نیگەران کردووە. لەسەر ئەو بابەتانە بەداخەوە ئەو دەستپێڕاگەیشتنانە نییە و دەوڵەتی ئێران ئەو ڕێگەیە نادات، بەڵام بەردەوام دەبینم کە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و وەزاراتی دەرەوەی وڵاتانی ڕۆژاوایی لەسەر بابەتە قسە دەکەن. دەبێت چاوەڕوان ‌بین بزانین کە چی دەبێت، بەڕاستی تاکوو ئەو ڕوون و دیار نەبێت کە چی بووە و چی ڕووی داوە و چ خوڵقاوە لەوێ، ناتوانین لە بواری یاسای نێودەوڵەتی و یاساکانی دیکەوە لەسەری قسە بکەین.

سەرەڕای ئەو گشتە تاوان و جینایەتانەی ڕێژیمی ئێران لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو و بەتایبەت لەم یەک مانگەدا لەسەر خەڵکانی ناڕازی و ڕاپەڕیو، بۆچی ئەو ڕێژیمە لە کۆنڤانسیۆنە نێودەوڵەتییەکان و بەتایبەت کۆنڤانسیونەکانی مافەکانی مرۆڤ، مافەکانی منداڵان و مافەکانی ژنان دەر ناکەن؟

زۆر سپاس بۆ پرسیارەتان. زۆر بەرچاوە ئەم دەرکردنە لە کۆنڤانسیۆنەکاندا بەخۆشییەوە پێشبینی کراوە. ئەڵبەت جێگەی ئاماژەیە کە ئێران تاکوو ئێستەش کۆنڤوانسیۆنی مافی ژنانی نە واژۆ کردووە و نە پەسەندی کردووە، بەڵام کۆنڤانسینی منداڵان و ئەو دوو کۆنڤانسیۆنەکەی تری واژۆ و پەسەند کردووە و بەپێی یاسای نێوخۆییش دەبێت پێبەندی بێت و پێشێلی دەکات. ئەو پێشێلەکردنەیش پێشبینی کراوە لە کۆنڤانسیۆنەکە و لە ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکەدا کە ئەگەر هەر وڵاتێک بە شێوەیەکی زەق بە تەواوەتی ئەم مافانە کە لێرە بە ڕوونی تیشکی خراوەتە  سەر، پێشێل بکرێت. ئەوە وڵاتەکانی دیکە دەتوانن لە ڕێگەی میکانیزمی تایبەتی هەر کۆنڤانسیۆن بە خۆیە کۆ ببنەوە و لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا لەسەری قسە بکردرێت و تا ڕادەیەک دەرکردنی ئەو وڵاتە لەو کۆنڤانسیۆنە. بەداخەوە تاکوو ئێستە ئەو ئیرادە سیاسییە نابینین کە تەنانەت لە بواری یاسایییەوە کە وڵاتەکان ئەو مافەیان هەیە پرسیار بکەن. وەک ڕێککەوتننامەی نێوان دوو کەس کاتێک یەکێک لە کەسەکان پێشێلی دەکات، ئەوەی دیکە مافی هەیە پرسیار بکا بۆ پێشێل دەکرێت و ساز و کارەکەی ڕەچاو بکرێت کە لە کۆتاییدا ئەو کەسە لەو کۆنڤانسیۆنە دەربکرێت. بەداخەوە تاکوو ئێستەش ئەو ئیرادە سیاسییە نابینین و جێگە ئاماژەشە من ئەو جۆرە کە لەگەڵ یاساناسانی ڕۆژاوایی یان ژۆرناڵیستەکان ئەم بەینە پێوەندیم بووە، بەداخەوە ئەوان بەس حیجاب وەکوو داواکاریی خەڵکی ئێران و ڕۆژهەڵات دەبینن و زۆر گرینگ و پێویست لەسەری قسە بکرێت کە ڕۆژاواییگەلە ئاگادار بکردرێنەوە و زانیاریی زۆرتریان پێ ‌بدرێت کە حیجاب تەنیا بەشێک لە داواکاریی ژنانی کوردستان و ئێرانە و داواکاریی خەڵکی ئێران زۆر زۆر لەم بابەتانە فرەتر و گەورەترە. خەڵک خوازیاری گۆڕانی دەسەڵاتی سیاسین کە بەداخەوە هێشتا ڕۆژاواییەکان لەسەر ئەوە گومانیان هەیە و بەپێی ئەوە دەبینین ئەو سیاسەتە و ئەو ئیرادەی سیاسییە بوونی نییە کە ئەو ساز و کارە مافی مرۆڤگەلە کە تایبەت بە خۆی لە هەر جێگەیەکدا لە هەر کۆنڤوانسیۆن و ڕێککەوتنامەیەکدا هەیە، تایپ بکەن و پرسیار بکەن و سازوکار یاساییەکەیان گەرەک بێت. 

داهاتووی ئەم ڕاپەڕینەی خەڵکی کوردستان و ئێران و هەروەها ئاسۆی کورد چۆن دەبینن؟

هەر ئەو جۆرەکە لە وەڵامی پرسیاری یەکەمدا جوابم داوە، من زۆر خۆشبینم بەو جووڵانەوە و بەم خۆپێشاندانە. چون هەروا کە ئاماژەم پێ کرد، جۆری عونسۆر مەعنەوی کە ئەو تێگەیشتنە سیاسییە و ئەو پوختەگییە سیاسییە لەناو خەڵکدا دروست بووە، دەبینین لە منداڵێکی قوتابیی هەشت و نۆ ساڵەوە ئەو تێگەیشتنە سیاسییە دەستی پێ کردووە تا پیرپیاوێکی هەشتا ساڵە. واتە ئەوەندە خەڵکەکە ئاگادار بوونەتەوە جار بە جارێک کە من لەگەڵ کەسانێک قسە دەکەم، بەڕاستی سەیرە بۆم لە تێگەیشتنی سیاسییان، زۆر زۆر سەرم سوڕ دەمێنێت کە ئەوەندە خەڵک ئاگادارە و ئەوەندە زانیاریی بڵاو هەیە سەبارەت بە بوارگەلی جۆراوجۆری یاسایی، ئابووریی، سیاسی و ...، ئەمە جێگەی خۆشحاڵییە و هەر ئەوە ناهێڵێت کە ئەم جووڵانەوەیە بخەوێت، یانێ من زۆر زۆر خۆشبینم بەو جووڵانەوەیە. هەر چەند کە ناتوانین کاتێکی بۆ دیاری بکەین بێژین کە ئەم کاتە بە ئاکام دەگات و ئاکامی لەو کاتە دەبێت، بەڵام ئەو جووڵانەوەیە کە هاتووەتە ئاراوە و ئەو زانیارییانەی کە خەڵک هەیەتی و ئەو تێگەیشتنە سیاسییە کە پێی گەیشتوون و لەسەری کار دەکەن، هەر ئەوەیە کە خەڵک دێنێتە سەرشەقام و خەڵک دێنێتە سەر خەت و بەم ڕاحەتیییە هەر چییش کۆماری ئیسلامی وەحشییانەتر و دڕندانەتر لەگەڵ خەڵک هەڵسوکەوت بکات. دیسان ئەم عۆنسۆرە سیاسییە و ئەم تێگەیشتنە سیاسییە ڕێگە نادات ئەم حەرەکەتە بەم ڕاحەتییە بخەوێت.

سەبارەت بە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێم خۆشە جەخت لەسەر ئەو بابەتە بکەمەوە کە دەبینین ئێرانییەکان تەنانەت لەسەر ناوی مەهسا و ژینا کە دایکی وەکوو ژینا قاوی لێ دەکات، لەسەر مەزارەکەی دەبینین دایکی بە ژینا بانگی دەکات، بە ژینا دەیناسێنێت. تەنانەت لەسەر ئەوەش حەساسییەتیان هەیە بە جۆرێک دەتوانین بڵێین ناو کڵۆنیالییەکەی زیاتر بەکار دێنن و زۆریان پێ خۆشە هۆڤییەت کوردی لەبەین بچێت و ئەمە شتێکی بەرچاوە. تەنانەت لە هەواڵی کاناڵە فارسییەکانیشدا دەیبینن کە لە سنە خەڵکیان بەستووە بە ڕەگبار و بۆ نموونە لە تەلەفیزیۆنە فارسییەکان دەبینین دەڵێن لە شەقامی هین مەرگ بەر دیکتاتۆر دراوە، لە کاتێکدا کە هیچ پێوەندییەکیان بە یەکترەوە نییە. لەوێ خەڵک بە چەکی قورس و نیوە قورس بە ڕەگبار دەبەستێت لەگەڵ ئەوەی کە کەسێک دروشم دەدات و هیچیان بەسەر نایەت، ئەمە بەراورد ناکرێت و من وەکوو خۆم پێم وایە کە ترس لەم شتە هۆکارێکی سیاسی لە پشت ئەم بابەتەوە هەیە کە پێیان وایە زۆربەی ئەوانە کە هەڵدەگەڕێنەوە بۆ پان‌ئێرانیزم و ئەوانە وا دەزانن کە لە قۆناغێکدا بابەتەکان نوێتر و لێبڕاوانەترە دەبێت، ڕۆژهەڵات وەکوو ڕۆژاوا ڕێگەی خۆی ئەچێ بەر لە ئەولا دەچێت، ئەمە تۆزێک ترساندویانییە کە بە شێوازێکی سیستماتیک و زیرەکانە هەواڵەکانی کوردستان نکۆڵی لێ دەکەن  و بڵاوی ناکەنەوە. هەواڵەکان زۆر بە ڕۆژ ناکرێت، کە من ئەمە بە قەست دەیبینم، بە جۆرێک نییەت لە پشت ئەم بابەتەوە هەیە یا باشتر بێژم مەبەستێکی خراپ لە پشت ئەو بابەتەوە هەیە. جا من پێشنیارم ئەوەیە دەسەڵاتە سیاسییەکانمان حیزبەکانمان، حیزبە کوردستانییەکان زۆرتر لەسەر ئەو بابەتە کار بکەن و ئاگاداری ئەو باس و بابەتانە بن لە دانوسنانەکاندا زۆر پێویستە پتر بەرگری لە هۆڤیەتی سیاسیی خۆمان، شوناسی سیاسیی خۆمان، داخوازی سیاسیی خۆمان بکەین و بە هەر نرخێک بوو پارێزراو بێت. بە بۆچوونی من لەسەر هەر شتێک وتووێژ و دانوستان لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی ناکرێت تا ئەو ناسینە لە داخوازییەکانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا نەیەتە ئاراوە. من لێرەدا لەسەر ئەوە قسە ناکەم کە ئێمە سەربەخۆییخوازی تەواوین و فیدراڵی‌خوازین یان کۆنفدراڵخوازین یان هەر شتێکی تر، من وەک یاساناسێک ئەمە مافی بنەڕەتیی کوردە لە ڕۆژهەڵات و لەم کاتەدا لە چوارچێوەی سیاسی ئێراندا هەین دەبێت مافەکانمان پارێزراو بێت. ئەو دانوستانە دەکرێت، ئەو جووڵانەوەیە کە لەگەڵ ئێرانییەکان دەکرێت لە داهاتوودا دەبێت ڕوون بۆ خەڵکی ڕۆژهەڵات، دەبیت بەرچاو بێت و شێ بکەنەوە چی ئەدەین و چی دەگرین، ئەوە زۆر گرنگە و بە تەواوەتی لەگەڵ دانوستان لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی فارسدا هەم و هەموو باڵەکان (جیناح) گشت بزووتنەوەکان، بەڵام بە مەرجێک کە شناسایی یاسایی سەبارەت بە مافی کورد شی بکرێتەوە. زۆر پێم خۆشە کە حیزبە کوردستانییەکان ڕەشنووسێکیان هەبێت، ناوی هەرچی دەنێن، ناوی دەنێن یاسای کاتیی بنەڕەتی یان هەرچێک کە ناوی دەنێن، کە لێرە لێژنەیەکی یاسایی بەهێز لەگەڵ هاوپارالێلێک لەگەڵ ناوەندی هاوکاریی حیزبە کوردستانییەکان ئەم دەرفتە بێننە ئاراوە و لە هەموو دانوستانەکاندا وەکوو ڕێکەوتننامەیەکی یاسایی بەرچاو بێت کە لە هێڵە سوورەکانمان لا نەدەن. ئەوە خەڵکی کوردستان هاتوونە سەر شەقام، خەڵکی کوردستان کوژران، خەڵکی کوردستان لە ناوخۆ لەژێر گوشار و ئەشکەنجەدا مافی ئەوەی هەیە کە بزانێت بەندکراوە سیاسییەکانمان چی دەکەن، حیزبە کوردستانییەکان پیلانیان بۆ داهاتوو چییە. ئەو کاتە کە بانگەواز دەکەن و خەڵک بانگهێشت دەکەن بۆ سەرشەقام بۆ مانگرتن ،ئەو لای ئەو مافە کە خەڵک هەیەتی ئەوەیە کە خەڵک پرسیار بکات؛ دەی باشە پلانی ئێوە چییە بۆ داهاتوو؟ لە ئەگەری هەر گۆڕانێکدا چۆن مافی ئێمە پارێزراو دەبێت لە داهاتووی ئێراندا؟

کاک د. فەراز زۆر سپاس بۆ ئەوەی کاتی پڕکاری خۆتان تەرخان کرد و لەم هەڤپەیڤینەدا هاوکاریی ئێمەتان کرد.

سپاس بۆ ئێوەش و هیوای سەرکەوتنتان بۆ ئەخوازم.

دابەزاندنی دەنگ: ئارەزوو ئەندوودە