
دوای سەرکوتی پڕ لە توندوتیژیی زانکۆی سەنعەتیی شەریف، ئەنجوومەنی ئیسلامی خوێندکارانی ئەو زانکۆیە لە نوێترین ڕاگەیەندراوی خۆیدا وێڕای مەحکوومکردنی ئەو پەلامارە نامرۆڤانەیە، ڕایگەیاند کە: ئیتر دەبێ فاتیحا بۆ زانکۆ، وەزارەتی زانست و حکومەت بنێرین".
لەم ڕاگەیەندراوەدا پێ لەسەر ئەوە داگیراوە هەتا داخستنی یەکجارەکی فایلی خوێندکارە گیراوەکان، قەرەبووکردنەوە و داوای لێبوردن لە خوێندکاران لە ئێستە بەولاوە خوێندکارەکان بەشداری هیچ وانەیەک نابن.
ئەنجوومەنی ئیسلامیی خوێندکارانی زانکۆی شەریف داوای لە سەرجەم مامۆستایان و خوێندکارەکانی وڵات کردوە بە نیشانی هاوپێوەندی دەگەڵ خوێندکارانی شەریف بایکۆتی وانەکان بکەن.
ئێوارەی یەکشەممە ١٠ی ڕەزبەر هێزە ئەمنییەتیی و لیباس شەخسییەکان هێرشیان کردە سەر زانکۆی شەریف و وێڕای گەمارۆ خستنە سەر خوێندکاران، تەقەی ڕاستەوخۆیان لێ کردن.
ئەو هێرشە بۆ بڵاوکردنەوەی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی ئەو خوێندکارانە بوو کە بەردەوام درووشم بە دژی حکومەت دەوتەوە.