کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوردکاناڵ پاڕازیتی توندی خراوەتەسەر

15:31 - 9 رەزبەر 2722

ناوەندە ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامی لە کوردستان دەستەوەستان لە بێدەنگ‌کردنی کوردکاناڵ و ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە مووشەکی بالستیک و دڕۆنی خۆتەقێنەر، ئەمجارەیان پەنایان بۆ پاڕازیت برد.

کاتێک مووشەک و بۆمباران نەیتوانی دەنگی خەبات و ئازادیخوازیی کورد لە شاشەی "کوردکاناڵ" و لە زمان کارگێڕانی مێدیاکارانی حیزبی دێموکراتەوە بێدەنگ بکا، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بە بڵاوکردنەوەی پاڕازیت هەوڵی داوە بەرەنگاری بێتەوە.

بەپێی ئەو هەواڵ و ڕاپۆرتانەی لە شوێنە جۆراوجۆرەکانی کوردستانەوە پێمان دەگا، کوردکاناڵ لە زۆر شار و شوێنی کوردستان وەک بۆکان، سەقز، بانە و سەردەشت و ناوچەکانی دیکە پارازیتی توندی لەسەرە.

کوردکاناڵ بە ڕووماڵکردنی ڕاستەوخۆی ڕاپەڕینەکانی کوردستان و ئێران لە ١٦ ڕۆژی ڕابردوودا و بەتایبەت ڕووداوەکانی دوای مووشەکبارانی بنکە و بارەگانی حیزب، کردنی کوردکاناڵ بە تریبوونی مافخوازیی نەتەوەکانی دیکە و ئێستاش بە ڕووماڵکردنی مانگرتنی گشتی و سەرانسەری، بۆتە چقڵی چاوی کۆماری ئیسلامی؛ بۆیە ئاوا بە هاویشتنی پاڕازیت دەیەوێ ئەو دەنگە کپ بکات.