١٢ زیندانیی سیاسیی ژن لە بەندی ژنانی ئێڤین بۆ پشتیوانی لە ناڕەزایەتییە سەرانسەرییەکانی خەڵکی ئێران مانیان گرت.
ئەو زیندانییە سیاسییانە لە ڕاگەیەندراوی خۆیاندا نووسیویانە: بیستنی دەنگی ناڕەزایەتیی خەڵکی ئێران لە پشت دیوارە بەرز و ساردەکانی زیندان، لە خوێنخەڵتانی لاوان و خوێندکارانی نیشتمانەکەمان و دەسبەسەرکردنی خەڵکی ناڕازی هەروەکوو گیانکێشان سەخت و تاقەتپڕووکێنە".
ئەو دوازدە زیندانییە سیاسییە دەڵێن بۆ هاوپێوەندی و یەکگری لە ناڕەزایەتیدەربڕین بە کوشتن و توندوتیژی و شەپۆلی سەرەڕۆیانەی خەڵکی ڕاپەڕیو و پشتیوانی لە مانگرتنی خەڵک، ئێمەش لە بەندی ژنانی زیندانی ئیڤین و لە پشتی دیوار و میلەکانی زینداندا مان دەگرین."
نەرگیز محەممەدی، عالیه موتەلیبزادە، هەستی ئەمیری، ژیلا مەکوەندی، سپیده کاشانی، سپیده قولیان، مەلیحه جەعفەری، ئێلناز ئیسلامی، مەهناز تەڕاح، نازەنین محەمەدنژاد، ڕەها عەسگەریزاده و گلاره عەباسی ئەو دوازدە زیندانییە سیاسییەن کە بۆ مەحکوومکردنی کوشتنی حکومەتیی ژینا ئەمینی و پشتیوانی لە ڕاپەڕینی خەڵکی ئێران مانیان گرتوە.
ناڕەزایەتییە سەراسەرییەکانی "ژن، ژیان، ئازادی" لەدژی حکوومەتی ئێران کە لە ڕۆژی ٢٦ی خەرمانان و بەدوای کوشتنی ژینا ئەمینی لە گرتنگەی پۆلیس دەستی پێ کرد، هەتا ئێستا درێژەی هەیە.