کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زانکۆکان لە ئێران پشتی یەکتری دەگرن

17:39 - 11 رەزبەر 2722

دوای ئەوەی چەند زانکۆیەک لە ئێران لە بەیانیی ئەمڕۆوە مانیان گرت و خوێندکاران خۆیان لە چوونە نێو پۆلەکانی خوێندن بوارد، بەردەوام ئەو زانکۆیانەی بە ڕیزی ناڕەزایەتییەکانەوە پێوەست دەبن ژمارەیان زیاتر دەبێت.

دوای پەلاماری دڕندانەی هێزەکانی ڕێژیم بۆ سەر زانکۆی سەنعەتیی شەریف و بۆ ناڕەزایەتی‌دەربڕین بەو جینایەتە، خۆپیشاندانەکان لە دەیان زانکۆی ئێراندا بەڕێوە دەچن.

خوێندکارانی زانکۆکانی ئازادی تاران، کوردستان لە سنە، فێردەوسیی مەشهەد، ئیسفەهان، ڕازیی کرماشان، ئەمیرکەبیر، ورمێ، سەنعەتیی ئیسفەهان، سمنان، پۆلی تەکنیکی تاران، تەورێز، ئەلزەهرای تاران، قوم، بەندەرعەباس، تەربیەت مودەڕس، خواجە نەسیر، بیرجەند، ئێرەمی شیراز، یەزد و کرمان چەند زانکۆیەکن کە خوێندکارەکانیان مانیان گرتووە و خۆپێشاندانیان وەڕێ خستوە.

هەروەها بۆ پشتیوانی لە خوێندکارانی زانکۆی سەنعەتیی شەریف کە دۆینێ ئێوارە بێ‌بەزەییانە لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکانەوە هێرشیان کرد، جیا لە پاڵپشتیی زانکۆکان، قوتابیانی کچ لە بولوار فێردەوسی تاران، قوتابیانی شەهریار، قوتابیانی مێهرشەهری کەرەج، قوتابییان لە شەقامی دکتور حیسابیی شیراز، قوتابییان لە شەقامێکی کەرەج، قوتابییانی تیزهوشانی دەستغەیبی شیراز، گەوهەردەشتی کەرەج  و شهریار بە نەچوونە قوتابخانە و بەرزکردنەوەی دروشم ناڕەزایەتیی خۆیان بە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی دەربڕی.

لەلایەکی دیکەوە ئانالنا بربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمان لە توییتێکدا هێرش بۆ سەر زانکۆی شەریفی مەحکووم کرد و نووسیویەتی: "ئەوەی لە زانکۆی شەریف ڕووی دا، باوەڕپێنەکراوە. بوێریی ژنان و پیاوانی ئێرانی سەرسوڕهێنەرە و جینایەتی ڕوونی ڕێژێمیش دەرخەری ترسی ئەوانە."

شایانی باسە لە بەردەوامیی خۆپیشاندانەکان لە سەر شەقام و لە زانکۆکان لە ئێران، ئەنجوومەنی هاوئاهەنگی ڕێکخراوە هاوپیشەکانی فەرهەنگییانی ئێران لە بەیاننامەیەکدا داوای لە مامۆستایان و قوتابیان کردوە سبەی سێشەممە مان بگرن و نەچنە پۆلەکانی خوێندن.