محەمەدساڵح قادری
لە بارودۆخی ئێستای ڕۆژهەڵاتی كوردستان و ئێراندا، كاتێك خەڵك لە نێوخۆ و لە دەروەی وڵات بە مانگرتن و ڕاپەرینی گشتگیر بوونەتە هێزێكی پاڵنەری كاریگەر و، بناغەی دەسەڵاتی ڕێژیمان وەلەرزە خستووە و بەرەو ڕووخانی دەبەن، لێرە و لەوێ دەبینین هێندێك لایەن و چالاكی سیاسی پێیانوایە کورد دەبێ هەر لە ئێستاوە ڕێی خۆی لە نەتەوە و بەشەكانی دیکەی ئێران جیا بکاتەوە. ئەوان دەیانەوێ بە هەستێكی دەمارگرژانە و هاندەرانە، سیاسەتی ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی ڕۆژهەلاتی كوردستان ببەنە ژێر پرسیار و بەو كارەیان هەستیاریی نەتەوەكانی دیكەی ئێران دژ بە كورد بورووژێنن و زەمینەی پێكەوەكاركردن بۆ ڕووخاندنی ڕێژیم لاواز بكەن. ئەم جۆرە بیركردنەوەیە، لە بێئەزموونیی سیاسی و لە وەهمی خۆ بە سانتراڵ زانینی دوور لە واقعبینیی سیاسی سەرچاوە دەگرێت.
لەم بارودۆخەدا پێویستە بە خوێندنەوەی بابەتیانەی هاوكێشەكان و هەڵسەنگاندنی هێزی ڕاستەقینەی خۆمان بە شێوەیەكی ژیرانە خەباتی خۆمان ببەینە پێش و ڕێگا نەدەین بیركردنەوەی لەو چەشنە خەڵكی ئێمە تووشی هەڵەی ستراتیژی و تێچووی زیاتر بكات. دەبێ دان بەم ڕاستییەدا بنێین كە ئەگەر ئەو هاوڕاییە گشتییەی كە ئێستا بە سیاسەتێكی حەكیمانە لەنێو نەتەوەكانی ئێراندا دروست بووە و كورد ڕۆڵێكی سەرەكی لە وەها بابەتێكدا هەیە نەبایە، ئایا ئەم ڕاپەرینە ئاوا دەنگی دەدایەوە و ئەو ئاقارەی دەپێوا بێگومان نەخێر. لێرەدا مەبەست ئەمە نییە كە خۆمان بە کەم بزانین، یان جەخت لە شوناسی نەتەوەیی خۆمان نەكەین. مەبەست ئەمەیە ڕاستیەكان ببینین و قبوولی بكەین كە ئەگەر هاوپەیمانییەكی سەرتاسەری نەبێت، ئێمەی کورد بە تەنیا ناتوانین ڕێژیمی ئێران بگۆڕین. كە وایە سیاسەت بە وەهم و خۆ بەسانتراڵدیتن ناكرێ و ئەزموونی هەشتا ساڵ خەباتی كورد لە ئێران باشترین بەڵگەیە بۆ ئەوەی ببینین ڕۆژهەڵاتی كوردستان تا ئێستا لە چ دۆخێکی نالەباری نێوخۆیی و بێ پشتیوانیی نێودەوڵەتیدا بووە. بەڵام ئێستا دوای یەكبوونەوەی حیزبی دێموكرات، دیتمان بابەتی شەهیدبوونی "ژینا" و بانگەوازی ناوەندی هاوكاریی بۆ مانگرتن، چۆن بووە هەوێن و داینەمۆی ڕاپەرینی ڕۆژهەلاتی كوردستان و سەرانسەری ئێران دژ بە زوڵم و دیكتاتۆریی ئەو ڕێژیمە. دواتریش دیتمان بۆردومانی حیزبەکانی رۆژھەڵاتی كوردستان چۆن بووە ڕۆژەڤی جیهان و باردۆخەكەی بە ئاراستەیەكی نوێدا گۆڕیوە. بۆیە ئەوەی ئێستا هەیە و حیزبەکانی ناوەندی هاوكاری ڕۆژهەڵاتی كوردستان دەیکەن، شەیدایی نییە بۆ نەتەوەی سەردەست، بەڵکوو سیاسەتێکی ژیرانە و ڕیالیستانەیە تاكوو لە قۆناخی یەكەمدا بتوانن بە بەشداریی و هێزی هەموو لایەك ئەو ڕێژیمە بڕووخێنن. دوای ڕووخانی ئەو ڕێژیمەش، تەنیا فاكتەری هێز و یەكگرتوویی كوردە كە دەتوانێ لە نێو هاوكێشەكانی نێوخۆیی و دەرەكیدا مافەكانمان دەستەبەر بكات.
بێگومان خەڵكی کوردستان وشیارن و دەزانن کە دەبێ چ هەڵوێستێکیان هەبێت و ئامانجە ستراتیژی و تاکتیكییە لێکجیاوازەکان دەبێ چۆن ببرێنە پێشەوە.