کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پشتیوانیی ناوەندی هاوکاری لە مانگرتنی مامۆستایان و قوتابخانەکانی ئێران

20:59 - 11 رەزبەر 2722

شوڕای هاوئاهەنگیی دامەزراوە سێنفییە فەرهەنگییەکانی ئێران لە بانگەوازێکدا داوای مانگرتنی کردوە. لە بەیاننامەیەکدا شوڕای هاوئاهەنگیی دامەزراوە سێنفییە فەرهەنگییەکانی ئێران، سەرەڕای ناڕەزایەتی‌دەربڕین بە سەرکوتی بەرینی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییانەی خەڵک بڵاوی کردووەتەوە؛ زۆربەی ئەو خەڵکە ناڕازییەی کە دەنگیان هەڵبڕیوە، قوتابییان و خوێندکارانێکن کە وێڕای میلیۆنیان ئێرانیی دیکە لە سەرکوتی لەڕادەبەدەر وەزاڵە هاتوون و سەدان کەسی دیکەش ئێستا لە زینداندا لە ژێر گوشار و ئەشکەنجەی ڕەوانی و جەستەیی‌دان. بەداخەوە ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە هێزە سەرکوتکەرەکان بە ڕژانە نێو زانکۆی سەنعەتیی شەریف و بە زەبری چەک بەرەنگاری بلیمەتترین ڕۆڵەکانی نیشتمان ڕاوەستان تا بە خەیاڵی خاوی خۆیان ئەو لاوە حەقخوازانەی وەتەن سەرکوت بکەن.

لە ناڕەزایەتی بە وەها دۆخێکدا، شوڕای هاوئاهەنگیی دامەزراوە سێنفییە فەرهەنگییەکانی ئێران داوای لە مامۆستایان و قوتابیان کردووە کە ڕۆژی سێشەممە، ڕێکەوتی ١٢ی ڕەزبەر بە مانگرتن لە قوتابخانەکان و نەچوونە سەر پۆلەکانی خوێندن هاوپێوەندی و هاودەنگیی خۆیان لەگەڵ هەموو ناڕازییانی وەزاڵەهاتووە دەرحەق بە ناعەداڵەتییەکانی دەسەڵات پێشان بدەن.
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران وێڕای پشتیوانی لەو بانگەوازە داوا لە مامۆستایان، قوتابییان و خوێندکارانی کوردستان و خوێندکارانی کورد لە زانکۆکانی ئێراندا دەکات، وەک چۆن هەمیشە پێشڕەوەی خەباتی مەدەنی لە ئێراندا بوون و هەن، داوا دەکەین کە لەو ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییانەدا بەشدار بن و وەک هەمیشە ڕۆڵی پێشەنگانەی خۆیان بگێڕن.

هەروەها داوا لە هەموو چین و توێژەکانی خەڵک، کارمەندەکان و کرێکاران لە سەرتاسەری ئێران و کوردستان دەکەین؛ بە هەر شێوەیەک کە بۆیان دەکرێت لە ناڕەزایەتییەکانی ئێستای مامۆستایان و فەرهەنگییان پشتیوانی بکەن و بە یەکگرتوویی و یەکدەنگی ناڕەزایەتییەکان لە هەموو ڕەهەندەکانەوە پەرە پێ بدەن.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران
١١ی ڕەزبەی ١٤٠١ی هەتاوی