بەهۆی پچڕانی ئینتێرنیت و فیلتێرکردنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە ئێران، گووگڵ ئامرازی نوێی خۆی بۆ بەدەربازبوون لە فیلتێرینگ لە ئێران چالاک کرد.
لەگەڵ چوونە نێو پەیجی سەرەکیی گووگڵ بە زمانی فارسی، دەقێک سەبارەت بە چۆنیەتی بەکارهێنانی ئامرازی ''Outline'' بە ئامانجی دروستکردنی "VPN"ی پارێزراو بۆ بەکارهێنەران دەردەکەوێت. پێشتر کۆمپانیای گووگڵ ڕایگەیاندبوو کە لە دوای دەرکردنی مۆڵەتی نوێ لەلایەن خەزێنەی ئامریکاوە، ئامرازەکانی خۆی بۆ بەدەربازبوون لە فیلتێرکردن لە ئێران دابین دەکات.
گووگڵ دەڵێت سانسۆری ئینتێرنێت لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا بە شێوەیەکی بەردەوام لە زیادبووندایە؛ ئامرازی Outline ڕێگە بە هەر کەسێک دەدات بۆ خۆیان VPN دانێن و بەڕێوەی بەرن و دەستپێڕاگەیشتنەکەی پێی هاوبەش بکەن.
ئەو ماڵپەڕە دەڵێ، Running Outline پەیوەندییەک دروست دەکا کە بلۆککردنی زۆر دژوارە.
بەپێی زانیارییەکانی گووگڵ، دوو کۆمپانیای ئەمنییەتی ئەو ئامرازەیان هەڵسەنگاندووە بۆ ئەوەی دڵنیابن کە ئەم تێکنۆلۆژییە پێشکەوتوو و پارێزراوە.