وەزارتی پێوەندییەکانی ڕێژیمی ئێران لە کۆبوونەوەی شوڕای بڕیاردانی یەکیەتیی نێودەوڵەتیی موخابەراتدا، بۆ یەکەمین جار لە ماوەی تەمەنی ئەو ڕێژیمەدا پلە و کورسیی خۆی لەو یەکیەتییەدا لەدەست دا.
ئەو دەنگدانە ڕێکەوتی ١١ی ڕەزبەر لە بوخارست پێتەختی ڕۆمانی بەڕێوە چوو، و ڕێژیمی ئێران لەسۆنگەی سنووردار کردنی ئێنتێرنێت و فێلتێرکردنی زۆربەی ئەپەکان ئەندامەتی خۆی لەو شوڕایەدا لەدەست داوە.
ڕێژیمی ئێران کە سانسۆڕ و بەربەست کردنی ئازادیی ڕاگەیاندن و دەستڕاگەیشتن بە زانیاری سیاسەتی سەرەکی و هەمیشەیی بووە، بەتایبەت لە کاتی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکاندا هێڵی ئێنتێرنێت دەپچڕێنێت و پێوەندیی خەڵک لەگەڵ دنیای دەروە دادەبڕێت. ئەمجارەشیان لە دوای ڕاپەڕێنی خەڵکی کوردستان و ئێران بۆ مەحکوومکردنی کوشتنی حکوومەتیی ژینا ئەمینی ڕێژیم نەک هەر ئینتێرنێت دەپچڕێنێ، بەڵکوو ئاپەکانی ئینستاگرام و واتسئاپیشی فیلتێر کردوە.
غوڵامڕەزا جەلالی، سەرۆکی ڕێکخراوی پەدافەندی غەیری عاملی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاندوە کە بێتوو دەستپێڕاگەیشتن بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان سنووردار بکەن و ئەو هێڵە پێوەندییانە بپچڕێنن، دەتوانن پێش بە قوڵبوونەوەی ڕاپەڕینەکە بگرن و ناڕەزایەتییەکان دابمرکێنن.