کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاردارەکانی ڕێژیمی تاران لە لەندەن و پاریس بانگهێشت کران

15:05 - 12 رەزبەر 2722

لە درێژەی خۆپیشاندانەکانی کوردستان و ئێران دژی ڕێژیمی ئێران، گوشاری وڵاتانی ڕۆژاواییش بۆ سەر ڕێژیمی ئێران لە بواری سیاسی و ئابووری زیاتر دەبێت.

هاوکات لەگەڵ گوشارەکانی ئامریکا و کانادا بۆ سەر ڕێژیمی ئێران بەهۆی سەرکوتی خەڵکی ناڕازی؛ دوو وڵاتی "بریتانیا و فەرانسه"ش بەنیسبەت سەرکوتی هۆڤانەی خەڵک لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە کاردارەکانی ڕێژیمی ئێرانیان بانگهێشت کردووە.

وەزارەتی دەرەوەی بریتانیا بڵاوی کردووەتەوە کە مەهدی حوسێنیی مەتین پایەبەرزترین دیپلۆماتی ڕێژیمی ئێرانی لە بریتانیا بەهۆی سەرکوتی خەڵک لە کوردستان و ئێراندا بانگهێشت کردووە.

"جۆرج کلێوێرلی" وەزیری دەرەوەی ئامریکا وتوویەتی، هەڵسوکەوتی هێزە ئەمنییەتییەکانی تاران دژی خەڵک بەڕاستی جێگای نیگەرانییە.

هەروەها وەزارەتی دەرەوەی فەرانسه کارداری ڕێژیمی تارانی لە پاریس بانگهێشت کردووە و سەرکوتی خەڵکی لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە بە توندی مەحکووم کردووە

بانگهێشتی دیپلۆماتەکانی ڕێژیمی تاران لە وڵاتانی دەرەوە لەکاتێکدایە کە ڕۆژی دووشەممە عەلی خامنەیی وتبووی ناڕەزایەتییەکان و درێژەی ناڕەزایەتییەکان کاری دەزگا سیخوڕییەکان و سیاسەتمەدارانی بیانییە.