کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تۆپبارانەکانی ناوچە شاخاوییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن سپای پاسدارانەوە درێژەی هەیە

15:52 - 12 رەزبەر 2722

ناوچەی بەربزین و سیدەکان لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە بەتوندی تۆپباران کرا. بەهۆی تۆپبارانەکەی سپای پاسدارانەوە زیانێکی زۆر بە ناوچەکە گەیشتووە.

ماوەی ١١ ڕۆژە سپای تێرۆریستی پاسداران ناوچە شاخاوییەکانی نێوان باشوور و ڕۆژهە‌ڵاتی کوردستان تۆپباران دەکات و خەسار و زیانێکی زۆری بە باخ و ڕەزی گوندنشینانی هەرێمی کوردستان گەیشتووە.

 ئەو کردەوە تێکدەرانەی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کاتێکدایە کە لە کوردستان و ئێران خەڵکی وەزاڵەهاتوو یەکگرتووانە دژی ڕێژیمی ئێران ڕژاونەتە سەر شەقامەکان و داوای مافی ڕەوای خۆیان دەکەن.

 کۆماری ئیسلامیی ئێران، سەرەڕای هەموو کێشە نێوخۆییەکانی خۆی و سەرکوتکردنی خەڵکی ناڕازی و کوشتاری خەڵکی بێتاوان کە داوای مافی ڕەوای خۆیان دەکەن، گرینگی بە  داواکاریی خەڵک نادات و واز لە کردەوەی تێکدەرانە و تێرۆریستی ناهێنێ و بەردەوام ناوچە سنوورییەکان تۆپباران دەکات کە لە ئاکامی ئەو تۆپبارانە‌دا زیانێکی زۆری بە ئاژەڵداران و گوندەکانی ئەو ناوچەیە گەیاندووە.