کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سینەماکارانی فەرانسە پشتیوانیان لە ڕاپەڕینی کوردستان و ئێران کرد

12:01 - 13 رەزبەر 2722

زیاتر لە هەزار سینەماکاری دیار و ناسراوی  فەرانسه لە بەیاننامەیەکی کراوەدا پشتیوانیان لە خۆپێشاندەرانی کوردستان و ئێران کرد.

ئەو سینەماکارانە ڕایانگەیاندووە هیوادارن ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییە "دەستپێکی سەردەمێکی نوێ لە ئێران" بێت و دروشمی ئێمەش درووشمی ژن، ژیان، ئازادییه.

لێئا سیدۆ، ماریۆن کوتیارد، ئیزابێل هوپێر، ئالیس دیوپ، ژولیێت بینۆش، میشێل هازاناویسۆس، جولیا دوکونارۆ، ئادری دیوان و ژاک ئودیار، چەند سینەماکارێکی ناوداری فەرانسەن کە بەیاننامەکەیان واژۆ کردووە.

ئەو هەڵوێستەی سینەماکاری فەرانسە هاوکاتە لەگەڵ زیاتربوونی گوشاری ناوەندە نێودەوڵەتییەکان بۆ سەر ڕێژیمی ئێران.

هەروەها کاترین کۆلۆنا، وەزیری دەرەوەی فەرانسە، ڕایگەیاندووە یەکیەتیی ئورووپا سامان و مڵکی بەشیک لە کاربەدەستانی تاران بەهۆی سەرکوتی خەڵکی ناڕازی بلۆکە دەکات.