کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

‎ کۆبوونەوەی دەستەی بەڕێوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدراڵ

12:52 - 13 رەزبەر 2722

ئێوارەی سێشەممە، ١٢ی ڕەزبەر کۆبوونەوەی ئانلاینی دەستەی بەڕێوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدراڵ به بەشداریی کاک مستەفا هیجری، بەرپرسی ناوەندی بەرێوەبەریی گشتیی حیزبی دیمۆکرات و هەیئەتی هاوڕێی  بەڕێوە چوو!

‎‎لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا کاک مستەفا هیجری ڕاپۆرتێکی گشتیی لەسەر دۆخی ڕاپەڕینی خەڵک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دۆخی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات بەتایبەت دوای هێرشی مووشەکیی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر بنکە و بارەگاکانیان پێشکەش کرد. بەڕێزیان لە ڕاپۆرتەکەیدا تیشکی خستە سەر ئەوەی لەگەڵ ئەوەدا کە ئێستاش مەترسی جدیی لەسەر بنکەی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات هەیە، بەڵام ورەی تێکۆشەرانی حیزب بەتایبەتی دوای ئەو سەرهەڵدان و خرۆشانە نوێیە هەر وەکوو هەمیشه بەرزه.

‎لە درێژەی کاری کۆبوونەوەکەدا کاک ئەبووبەکر مودەڕیسی، جێگیری سکرتێری کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمتکێشانی کوردستانی ئێران به پێداگری لەسەر ڕاپۆرتەکەی کاک مستەفا هیجری، دۆخی خۆپیشاندان و ڕاپەرینی جەماوەری لە ئاستی ئێرانی تاوتوێ کرد و کۆدەنگیی خەڵکی ئێرانی بەرانبەر به ڕووداوەکانی ناوچە جیاوازەکان بەخاڵێکی گرینگ دانا.

‎یۆنس شاملی، سەرۆکی حیزبی یەکیەتیی دێموکراتیکی ئازەربایجان، وێڕای دڵخۆشبوون به ڕەوتی ڕووداوەکان ئاماژەی بەوە کرد که هێندێک لایەنی ناوەندگرا به یارمەتیی میدیا لە هەوڵی ئەوەدان سەرهەڵدانی نوێی ئێران پاوان بکەن و داوایان لە کۆنگرەی نەتەوەکانی فیدڕاڵ کرد که لەسەر ئەو باسە هەستیار بێت.

‎لە دڕێژەی باسەکانی کۆبوونەوەکەدا جەلیل شەرحانی، سەرۆکی حیزبی تزامون دێموکراتیکی ئەهواز، ڕاپۆرتێکی لە ڕووداوەکانی ئەهواز باس کرد و باسی ئەوەی هێنایە گۆڕێ که ڕێژیم لەو ناوچەیە بەدوای نانەوەی دووبەرەکێیە لەنێوان خەڵکی عەرەب و خەڵکانیتر، بۆیەش ناوچەی ئەهوازی به ناوچەیەکی هەستیارتر لە بەشەکانیتر دانا.

‎لە پەیوەندی لەگەڵ دۆخی بلووچستاندا، ناسر بۆلیدەیی، سەرۆکی حیزبی خەڵکی بلووچستان وێرای پشتڕاست‌کردنەوەی شەهیدبوونی ٨٢ کەس لە هەینی ڕابردوو لە زاهیدان، باسی لەوە کرد که ڕێژیم ئینترنێتی بلووچستانی پچڕاندووە و دەستی کردووە به ڕەشبگیر! بۆلیدەیی هەروەها گوتی: نەخۆشخانەی زاهیدان لە قەیران‌دایە و سەرەڕای نەبوونی کادر و شتوومەکی پێویست، تەنانەت خوێن و دەرمانیش لە کەمیی داوە و بۆیە چاوەڕێی ئەوە دەکرێت ڕێژەی شەهیدەکان ڕوو لە زیادبوون بکات.

‎لە بڕگەکانی دیکەی ئەو کۆبوونەوەیەدا لایەنەکان گەڵاڵە و بەرنامەی خۆیان بۆ درێژەدان به خۆپیشاندانەکان هێنایە بەر باس و تاوتوێیان کرد.

‎لە کۆتاییدا داوا کرا کە کۆبوونەوەی هاوشێوەی ئەم کۆبوونەوەیە زیاتر بگیرێ و هەموو لایەنەکان پێداگر بوون لەسەر ئەوەی پشتگیریی زیاتر لە کەسایەتیی یاسایی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدراڵ لە ئاستی ئێراندا بکرێت.