خالید دەرویژە
لە یەکەم چرکە ساتەکانی بەدەستەوەگرتنی جڵەوی دەسەڵات و لە ڕاستیدا بەتاڵانبردنی دەسکەوتەکانی شۆڕشی بەشکۆی گەلانی ئێران لە لایەن تاقمێک بیروشکی گۆچکراو بە عەقلییەتی سەدە نێونجی، سەراسەر مێژووی پڕ نەهامەتیی چل و چوار ساڵەی ئەم وڵاتە بەڵالێدراوە، گۆڕەپانی ململانێی ڕووناکی دژ بە تاریکی بووە، لەم ململانێیەدا، کوردستان بووە بە سەنگەری لەگیراننەهاتووی دژ بە دەسەڵاتی سەرەڕۆی کۆماری ئیسلامی و ڕووگەی ئازادیخوازی بۆ تەواوی گەلانی زوڵم لێکراوی ئەم جوغرافیایە. لەم ئاراستەیەدا ڕێژیم ئەوەندەی بۆی کراوە بە هەموو سیاسەتێکی زبر و نەرم ، لە فتوا دژ بە مرۆڤایەتییەکەی خومەینییەوە بگرە تا سەرشێتیی ٦ی ڕەزبەری ئەمساڵ بۆ بە ئامانج گرتنی بنکە و بارەگای حیزبە سیاسییە دژبەرەکانی ڕێژیم، هەوڵی لاواز کردنی ئەم بەرەی بووە. کەواتە جگە لەوەی هێرشی ئەم دواییانەی ڕێژیم دەکرێت لەم کانتێکستەدا خۆیندنەوەی بۆ بکرێت، پێویستە لە چەندین گۆشەنیگای تریشەوە لایەنە جۆراوجۆر و ئامانجەکانی ئەم کردەوە قیزەونە کە هەڵقوڵاوی تێفکرینی دواکەوتووانەی ڕێژیمە شەنوکەو بکرێت.
ــ دوای شەهیدکردنی "ژینا ئەمینی" و بەدەنگەوە هاتنی یەکگرتووانەی کۆمەڵانی هەراو و تینووی ئازادیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە بانگەوازی مانگرتنی ٢٨ی خەرمانان و لە هەمووی گرینگتر پێشەنگایەتیی کوردستان لە خەباتی یەکسانیخوازانە و گشتگیربوون و زرینگانەوەی دروشمی پێکهاتەشکێنی "ژن ، ژیان، ئازادی" و دواجار تێکچوونی سیاسەتی لەمێژینەی ڕێژیم بۆ دووبەرەکی نانەوە و لەباربردنی یەکگرتوویی خەڵکی وەزاڵەهاتوو، تەحەمولی ئەم دۆخە و تێکچوونی هاوکێشەکە بۆ ڕێژیم، بە تێکەوەپێچانی دەسەڵاتە نگریسەکەیان لێک درایەوە، بە واتایەکی تر خۆری ئازادیی هەڵاتوو لە کوردستان هەموو ئێرانی لە تاریکی داسەپاو ڕووناک کردەوە و ئەم کەتوارە ترسی خستە دڵی تەورە ڕیشدارەکانی جەماران و زراوی دووکاندارانی وەلی فەقیهی تەقاند، بۆیە بەپێی ماهییەتی ڕێژیم و لەگۆشەنیگای خۆیانەوە، سروشتی دەهاتە بەرچاو کە لەلایەک وەک سیاسەتی لەمێژینەی، بۆ تۆڵەکردنەوە و لەلایەکی ترەوە و بەپێی هەڵسەنگاندنی هەڵە و لە چوارچێوەی بیردۆزی مەنتقی هێز کە هەموو گرفتەکان بە هێزی زبر چارەسەر دەکات، دواجار کورد ڕاکێشی بەرەیەکی شەڕ دەکات و هەمدیسان بە لێدانی تۆمەتی تەجزیەتەڵەبی بتوانێت ئەم یەکگرتووییە لەبار بەرێت.
ــ لە ماوەی چل و چوار ساڵ دەسەڵاتی ڕێژیمدا، سیاسەتی ئۆباڵئاوێژی و خۆدزینەوە لە دۆزینەوەی هۆکاری نێوخۆیی سەرهەڵدانی گرفت و قەیرانەکان کە هەموویان لە مناڵدانی سیاسەتە نادرووست و ناباو و دژەگەلییەکانی ڕێژیم سەرچاوە دەگرن، بەشێکی بنچینەیی لە سیاسەتی کردەیی ڕێژیم بووە، بێ خەبەر لەوەی خەڵکی ئەمڕۆ زۆر وشیارترن لەوەی بە مەترەحکردنی پرسیارێکی سادە، کە ئەگەرحیزبە سیاسییە بەرهەڵستکارەکانی ڕێژیم لە کوردستان ڕێکخەری ئەم ناڕەزایەتییانەن؟! بڵێی حیزبە کوردییەکان لە تاران و قوم و مەشهەد و تەورێز و کرمان و ئیسفەهان و هتدیش ڕێکخەری خرۆشانە جەماوەرییەکە بن؟ ئیتر زیاتر لە چوار دەیە دەسەڵاتی نابەرپرسیارانەی کۆماری ئیسلامی بەسە بۆ ئەوەی خەڵکی ئێران فریوی وەها سیاسەتێکی پڕاوپڕ لە چەواشەکاری نەخۆن و گوێیەک بۆ بیستنی دەست نەکەوێت و بگرە وڵامێکی دروستیان دەست کەوتووە کە هۆکاری درووستبوونی هەموو قەیرانەکان، کۆماری ئیسلامییە و ڕیشەی گرفتەکان لە نێوخۆی ئێرانن.
ــ لەم چەند ساڵەی دواییدا و هەر ساڵەی زیاتر لە ساڵی پێشووتری، ڕەوتی داوەرینی ڕەفی هێزەسەرکوتکەرەکانی ڕێژیم خێرایی زیاتری بەخۆیەوە بینیوە و ڕۆژ بە ڕۆژیش زیاتر ورەیان لاواز دەبێت و ڕێژیم بۆ ئەوەی بە خەیاڵی خاوی خۆی ئیقتدارێک لە خۆی نیشان بدا و ورەیەک وەبەر هێزەکانی بنێتەوە، دەستی بۆ ئەم ئاکارە سەرشێتانەیە برد.
دواجار هەر وەک چۆن کوردستان هیچکات لە ئاکامی ئەو هەمووە جینایەتەی لەلایەن ڕێژیمەوە لێی کراوە، کۆڵی نەداوە و هەنگاوەکانی شل نەبوونە، بە خۆشییەوە سیاسەتی ئۆباڵئاوێژی و تەفرەقەنانەوەش، نە باوەڕی پێ دەکرێت و نە گوێیەکی بۆ بیستن دەست دەکەوێت، ئەمڕۆ خەڵکی زوڵملێکراوی ئێران زۆر وشیارترن لەوەی کە ئیقتدار لە هاویشتنی چەند مووشەک کە تێچووەکەی لەگیرفانی ئەوان دراوە ببینن، بەڵکوو ئیقتدار لە بوونی نان لە سفرەیان، بوونی ئازادی، بەرابری، ئاسایش و خۆشبژێوی و هیوا بەدواڕۆژ و دەیان بەها و ئەرزش و نۆرمی ئەمڕۆییدا دەبینن کە لە سێبەری دەسەڵاتی ڕەشی کۆماری ئیسڵامی لێی بێبەش کراون.