کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی کۆڕێک لە ئەنستیتۆی کورد لە فەڕانسە لە سەر باردودۆخی کوردستان

19:36 - 13 رەزبەر 2722

ئێوارەی ڕۆژی شەممە، ٩ی ڕەزبەر لە سەر بانگهێشتی ئەنستیتۆی کورد لە پاریس کۆڕێک بۆ کاک حەسن شەرەفی، ئەندامی بەڕێوەبەریی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەڕێوە چوو.

لەم کۆڕەدا بەتایبەت ڕووداوەکانی ئەم دواییانەی ڕۆژهەڵات و ئێران  وەکوو خۆپێشاندان و مانگرتنەکانی خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات و هەروەها هێرشی ڕێژێمی تێرۆریستیی ئێران بۆ سەر بنکە و بارەگای هێزە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات لە قوڵایی خاكی هەرێمی کوردستاندا کە بە دەیان شەهید و برینداری لێ کەوتەوە، تاوتوێ کرا.

لەو کۆڕەدا سەرەتا دکتور "کەنداڵ نەزان" بە مەبەستی چوونە ناو بابەتەکە باسێکی لە سەر ڕووداوەکانی ئەم دواییانە لە ئێران و کوردستان کرد و دواتر کورتە فیلمێک لە خۆپێشاندەکانی ئەم دواییانەی کوردستانی ڕۆژهەڵات پێشان درا.

لە بڕگەیەکی دیکەی کۆرەکەدا کاک حەسەن شەرەفی بە ئاماژە بە کورتە مێژوویەکی خەباتی حیزب لە قۆناغە جۆربەجۆرەکانی دۆخی ڕۆژهەڵات باسەکەی لەسەر سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی کۆ کردەوە و گوتی ئەگەرچی شۆرشی ئێران بەرهەمی زۆر بیروبۆچوونی جیاواز بوو و هەمووان لە سەر نەمانی حکوومەتی پاشایەتی کۆک بوون، بەڵام دانانی جێگرەوەی نادیار و ناڕوون بوو و ئەوەش وای لێ هات کە حکوومەتێکی ئیدێۆلۆژیکی دواکەوتوو بێتە سەرکار.

ئەندامی بەڕێوەبەریی حیزب گوتی حیزبی دێمۆکرات هەر لە سەرەتاوە بە دەرکی ئەو مەترسیە، لە ڕێفراندۆمی فێلبازانەی ئەودەمدا بەشداری نەکرد و هەرچەند ئەوکات حیزبی دێموکرات لەم بابەتەدا تەنیا مایەوە، بەڵام ئێستا گشت ئێران وەکوو ئەو سەردەمی حیزبی دێموکرات بیر دەکاتەوە.

شەرەفی گوتی ‌هەرچەند لە ماوەی زیاتر لە ٤٠ ساڵ هاتنە سەرکاری ڕێژێمی ئیسلامی ئێران دژایەتی و بەرەنگار بوونەوە لە گەڵ ئەم ڕژێمە هەبووە بەڵام لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا پاش کوژرانی "ژینا ئەمینی" کچە کوردی خەڵکی شاری سەقز بە دەست هێزەکانی ڕێژێم، بزووتنەوەی دژی کۆماری ئیسلامی ئێران لە کوردستان و ئێران بە گشتی چۆتە فازێکی دیکەوە.

شەرەفی ئاماژەی بە ڕۆڵی سەرەکی و دەستپێشخەریی حێزبەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات لە بزوتنەوەی ئازادیخوازی ئێستای کوردستان و ئێران کرد و گوتیشی ڕێژیمی تێرۆریستیی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە هۆی ئەوەی کە ڕۆڵی هێزە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی بە هاندەر و پشتیوانی سەرەکی جووڵانەوەی ئێستا دەزانی زۆر ناجوامێرانە و دزێوانە هێرشی کردە سەر بنکە و بارەگای حیزبەکانی ڕۆژهەڵات و بوو بە هۆی شەهیدبوون و بریندابوونی ژمارەیەک کەس کە لە ناویاندا ژنی  دووگیانیش هەبوو کە کۆرپە ساواکەشی دواتر شەهید بوو.

شەرەفی گوتی وەڵامی ئێمە بە هێرش و پیلانەکانی ڕێژێمی کۆماری ئیسلامی لە شارو شەقامەکان دەبێ کە مەیدانی سەرەکیی تێکۆشانی ئێمە و خاڵی لاواز و تۆقێنەری ڕێژێمە.

کاک حەسەن شەرەفی لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی هەرچەند زەبروزەنگی دوژمنی سەرکوتگەر زیاتر بێت هێز و وزەی بەرەی ئازادیخوازی و بە تایبەت ئێمەی کورد بەهێزترە و بە دڵنیایی سەردەکەوین و ڕایگەیاند کە ئیرادەی خۆڕاگری و ئازادیخوازی ئێمە زۆر زیاتر لە هەموو چەکەکانی ڕێژێم بەهێزترە.

بڕگەی کۆتایی کۆبوونەوەکە وەڵامدانەوەی بەڕێز شەرەفی بە پرسیاری بەشداران بوو.