کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زۆربەی حیزب و ئەندام پارلەمانانی ئاڵمان یەک دەنگ پشتیوانیی خۆیان بۆ خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران دەربڕی

12:58 - 14 رەزبەر 2722

لە دانیشتنێکی پارلەمانی ئاڵمان کە نوێنەرەی حیزبەکان و وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتەش بەشدار بوون، زۆربەی نوێنەرانی حیزب و ئەندامانی پارلەمانی ئەو وڵاتە وێڕای سەرکۆنەکردنی سیاسەتی سەرکوت و نکۆڵیی کۆماری ئیسلامی، خوازیاری هەڵوێستی جیددی وڵاتەکەیان و یەکیەتیی ئورووپا بەرانبەر بە ڕێژیمی ئێران بوون.

بیژەن جیرسەرایی، حیزبی ئێف دی پی (دێموکرات ئازاد):  ڕێژیمی ئێران بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەک هێرشی کردووە بۆ سەر کوردانی ڕۆژهەڵات لە هەرێمی کوردستان و هەروەها  کۆماری ئیسلامی بەرەو ڕووخان دەڕوات و ئەو خۆپیشاندان و مانگرتنانە، کاتی نین و پێویستی چیدی ئێمەیش چاو پۆشی لە جینایەتەکانی ڕێژیم نەکەین و هەڵویستی جیددیمان هەبێ.

گوکای ئاکبولوت، حیزبی چەپ: وەکوو ئەندام پارلەمانێک کە کوردم، سیاسەتی ئاڵمان لەهەمبەر کۆماری ئیسلامی نەرمی نواندن و چاوپۆشی‌کردنە لە بەرانبەر سەرکوتی ژنان. هەموومان دەزانین کە خۆپێشاندانەکانی ئەو جارە لە کوردستان بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" دەستی پێ ‌کرد و پێویستە هەڵویستی ئاڵمان لە بەرانبەر کۆماری ئیسلامیدا بگۆڕدرێت.

گابریەلا هاینریش، ئێس پێ دی (سوسیال دێموکرات): هەر وەک وەزیری دەرەوە ئاماژەی پێ کرد ناوی ئەسڵی مەهسا، ژینایە، کۆماری ئیسلامی ناوە کوردییەکان بە فەرمی ناناسێ و ئەمەش جۆرێکە لە هەڵاواردن، هیوادارم لەگەڵ دۆستەکانماندا بتوانین پشتیوانی خەڵکی ئێران بین.

ئانێتە ویدمەن – ماوسێس، حیزبی سی دی ئەو (دێموکرات مەسیحی): سەدری ئەعزەمی ئاڵمان لە وتارەکەیدا لە کۆڕی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، تەنانەت بە یەک وشەش باسی خۆپیشاندانەکانی ئێرانی نەکرد، بەڕاستی مایەی شەرمە. ئەوە بەس نییە کە تەنیا پشتیوانیمان سەرکۆنەیەکی ڕێژیمی ئێران بێ، دەبێ هەموو ڕێگایەک بۆ پشتیوانی لە خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران بگرینە بەر.

ئومید نووری پوور، حیزبی سەوزەکان: پێویستە پشتیوانی خەڵکی ئێران بین تا ڕووخانی ڕێژیم، کۆماری ئیسلامی توانای دابینکردنی خواست و مافەکانی خەڵکی نییە و دەبێ بڕوات.

دووروتە بێر، حیزبی ئێس دی ئەو (دێموکرات مەسیحی – لقی ئورووپا): دەزانین کە کۆماری ئیسلامی مافی ژنان پێشێل دەکات و ڕێز لە کۆنوانسیۆنی مافەکانی مرۆڤ ناگرێ بۆیە پێویستە سزای قورس بە سەر بەرپرسانی ڕێژیم بسەپێنین.

لامیا کادۆر، حیزبی سەوزەکان: دەبێ ئەو ڕاستییەمان لەبیر بێ کە پرسی ژنان و هەموو خەڵکی ئێران تەنیا لە حیجابی زۆرەملێدا قەتیس نەکەینەوە، لە ڕاستیدا هۆکارە سەرەکییەکە پرسی ڕووخانی ئابووریی ئەو وڵاتەیە و هەژاریی خەڵک و هەروەها دەستێوەردان و نائەمنکردنی وڵاتانی وەکوو عێراق، سووریە، یەمەن و ئەوانی دیکەیە کە دەبێ ڕاوەستێ و هەڵوێستی جیددیمان هەبێ.